کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢ی ڕێبەندان لە ناوەندی ٣ی کوردستان بەڕێوە چوو

21:48 - 3 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بۆ ڕێزگرتن لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لە ناوەندی ٣ی کوردستان بەڕێوە چوو.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند؛ ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ هەتاوی، بە بەشداریی کادر، پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و میوانانی ئەم ڕێوڕەسمە، یادی ٢ی ڕێبەندان لە ناوەندی ٣ی کوردستان بەرز ڕاگیرا.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان بە تایبەت شەهیدانی ڕاسان دەستی پێکرد.

پاشان سدیق دەرویشی بەرپرسی ناوەندی ٣ی کوردستان، بە بۆنەی ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان پەیامێکی پێشکەش بە ئامادەبووانی ئەو ڕێوڕەسمە کرد.

پاشان هۆنراوەیەک بەم بۆنەوە لە لایەن شاعێری پێشمەرگە مامۆستا بێبەش پێشکەش کرا.

پەیامی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن شاهۆ ئەحمەدیـیەوە خوێندرایەوە.

دواتر سروودی هاتەوە ٢ی ڕێبەندان لە لایەن عوسمان ڕەحمانی و سیامەند شابۆیی پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، منداڵانی ناوەندی ٣ی کوردستان سروودێکیان لەژێر ناوی ڕێبەندان پێشکەش کرد.

پاشان چەند گۆرانییەک لە لایەن فەرەنگ خزری، نیزام سەجادی و عوسمان ڕەحمانی بە هاوکاری کۆڕی موزیکی حیزب پێشکەش کران.
ڕێوڕسمەکە بە هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.