کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاڵان کردنی نیشتمان بۆ بەهێزکردنی کەرتی سەربازی

14:45 - 4 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیم بە بڕیارێک، ٤ میلیارد دۆلار پارەی لە سندووقی گەشەپێدانی نیشتمانی، بۆ کاروباری سەربازی ڕێژیم لە ساڵی داهاتوو هەڵگرتەوە.

هەواڵدەریی ئیسنا، لە زاری وتەبێژی کۆمیسیۆنی ڕێکخستنی بودجەی ساڵی ٩٧، ئاشکرای کرد: بە بڕیاری عەلی خامنەیی، بڕی ٤ میلیارد دۆلار، لە سندوقی گەشەی نیشتمانی هەڵدەگیرێت و ٦٣%ی بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری سەربازی تەرخان دەکرێت.

بە وتەی ئەسغەر یوسف‌نژاد، لەم بڕە پارەیە، ١٥٠ میلیۆن بۆ خۆڵبارینەکان، ٢٠٠ میلیۆن بۆ گەیاندنی ئاو بە گوندەکان، ١٥٠ میلیۆن بۆ ئیدارەی دەنگ و ڕەنگ و هەروەها ١٠٠ میلیۆن بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان و باقییەکەی ڕادەستی کەرتی سەربازی دەکرێت.

ئەم دەست‌ودڵبازییەی خامنەیی بۆ کەرتی سەربازیش لە کاتێکدایە کە لە بودجەی پێشنیاری دەوڵەت بۆ ساڵی داهاتوو، بڕی ٤٤ هەزار میلیارد تمەن بەرامبەر لەگەڵ ١٠ میلیارد دۆلار بۆ کاروباری سەربازی ڕێژیم تەرخان کراوە؛ بەم پێیەش ئەو پارەیەی کە بە ئاشکرا ڕادەستی کەرتی سەربازی ڕێژیم دەکرێت نیزیک بە ١٣ میلیارد دۆلار دەبێت.

محەممەدباقر نەوبەخت، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە ساڵی ٩٦دا بەشە بودجەی سەربازی ئێران، نیزیک بە ٤٠ هەزار میلیارد تمەن بووە؛ واتە لە ماوەی ٤ ساڵدا ١٢٨% زیادی کردووە.

ناوبراو وەک وتەبێژی دەوڵەتی ڕوحانی سەبارەت بە چەسپاندنی بودجەی پێشنیاری لە مەجلیسی ڕێژیم ڕوو لە فەرماندەرانی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم وتوویەتی: ئێمە بەڵێنتان پێدەدەین کە بەهەر شێوازێک بووە ئەم بودجە بەقازانجی کەرتی سەربازی دەچەسپێنین.

ماوەیەک پیش ئێستا میلیتاری بالانس سەر بە دامەزراوەی نێونەتەوەیی لێکۆڵینەوە ستراتێژیکەکان لە ڕاپۆرتێکی ساڵانەدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە بودجەی سەربازی ڕێژیم تەنیا لە ساڵی ٢٠١٦دا بریتیی بووە لە ١٥ میلیارد و ٩٠٠ میلیۆن دۆلار!

هەڵگرتنی پارە، لە سندوقی گەشەی نیشتمانی و ڕادەست کردنی بە کەرتی سەربازی لە کاتێکدایە کە، بەپێی ماددەی ٨٤ لە یاسای بەرنامەی ٥ساڵەی پێنجەمی گەشەپێدان، ئەم سندووقە بەمەبەستی کۆنترۆڵ کردنی هەڵبەز و دابەزەکانی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان دانراوە و گرینگترین ئەرکیشی گۆڕینی بەشێک لە قازانجەکانی فرۆشی نەوت و گاز و بەرهەمە نەوتییەکانە بۆ سەرمایەی بەرهەمهێنەر و سامانی هەمیشەیی.

بەم پێیەش هەڵگرتنەوەی پارە لەم سندوقە بە بڕیاری خامنەیی، نەتەنیا لادانە لە ئامانجە سەرەکییەکانی سندووقی ئاماژەبۆکراو بەڵکوو پێشێل کردنی خودی یاساکانی ڕێژیمیشە لەلایەن خامنەییەوە.