کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

منداڵێک بە هۆی سەرما و نەبوونی کانێکس له \"سەرپێڵی‌ زەهاو\" گیانی لەدەست دا

15:37 - 4 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: به هۆی سەرما و نەبوونی کانکس له ناوچه بوومەلەرزەلێدراوەکان له پارێزگای کرماشان، منداڵێک گیانی لەدەست دا.

بارودۆخی بوومەلەرزەلێدراوەکان له وەرزی سەرما و بە هۆی کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیمی ئێران نالەبارە و گیانی خەڵک بەتایبەت منداڵان له ژێر خێوەتەکان له مەترسی دایە؛ سەرەڕای ئەوەی که هەتا ئێستە زیاتر له ٧٠ ڕۆژ له ئاوارەیی و دەربەدەری خەڵکی ناوچه بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشان تێدەپەڕێت، ڕێژیم لەو پەڕی کەمتەرخەمییەوە هیچ چاوەدێرییەکی بە سەر ژیانی لێقەوماوان نییە.

نەبوونی پێداویستییەکان له ژێر خێوەت و هاتنی وەرزی سەرما لەو ناوچانه، زۆربەی خەڵکی بەتایبەت منداڵانی تووشی نەخۆشی کردووە؛ بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان له سەرپێڵی‌ زەهاو، کچێکی کەم تەمەن به هۆی سەرما و نەخۆشی چەند جارە و نەبوونی نەخۆشخانه تووشی گەشکە دەبێت و له گوندی ناوە فرە گیانی خۆی له دەست دەدات.

ئەمە لە حاڵێکدایە که هێشتا بەشێکی زۆر لەو خەڵکە خێوەتیشیان وەرنەگرتووە و بۆ پاراستنی خۆیان له بەفر و سەرما به سەرەتاییترین کەلوپەلەکان، سەرپەنایان بۆ خۆیان دروست کردووە، که بەرگەی با و سەرما ناگرێت و زۆرجار هەواڵی ڕووخانیان و گڕگرتنیان بڵاو بووەتەوە.

بەگشتی بارودۆخی منداڵان له ناوچه بوومەلەرزەلێدراوەکان زۆر نالەبارە و بنەماڵەکانیشیان، توانایی دەرمان و گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەکان به هۆی سەرما و داخرانی ڕێگەکان، بەتایبەت له گوندەکانیان نییه و ڕێژیمیش بێ ئەوەی گرنگی به دەرمان و دابین کردنی ئامبوڵانس لەو ناوچانه بدات، تەنیا به دانی دروشم بێکردەوە باس له پێداچوونەوەی بارودۆخی ژیانی خەڵک دەکات.

هەتا ئێستە ڕێژیم مردنی دوو منداڵی به هۆی سەرما له هەفتەی ڕابردوودا لەو ناوچانه پشتڕاست کردۆتەوە و دوو کەسی دیکەش به هۆی ئاگر گرتنی خێوەتەکان گیانیان لەدەست داوە، که ناویان له لایەن هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم بڵاو نەبۆتەوە.