کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پسپۆڕانی ئامریکایی: خۆڵبارینەکانی ئێران، نەخۆشی مەرگهێنەریان پێوەیە

15:44 - 5 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بەوتەی پسپۆڕانی کەشناسی و ناوەندە تەندرووستییەکانی ئامریکا، خۆڵبارینەکانی ئێران زۆر لەوە مەترسیدارترن کە بیریان لێدەکرێتەوە.

دەیڤید مەیکێڵ ئەندامی لێکۆڵەر لە ناوەندی ستێمسۆن لە واشەنگتۆن سەبارەت بەم پرسە وتوویەتی: ساڵانە لە هەموو ئێراندا لانیکەم ٥٠٠ جار خەڵک شاهێدی خۆڵبارینەکان دەبن؛ ئەم مەسەلە بەتایبەت لە هەندێک شوێنی وەک زابۆل زۆرترە کە لە ساڵدا نیزیک بە ١٢٠ جار دەبیندرێ.

بەوتەی ناوبراو خەستی ئەم خۆڵبارینانە ئەوەندە زۆرە کە بەپێی وێنەکانی ناسا بە جوانی لە بۆشایی ئاسمانەوە دیار و بەرچاون؛ ناوبراو دەڵێ: بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەکانمان ئەو خۆڵبارینانە زۆر مەترسیدارن چونکە هەڵگری خۆڵ و پاشماوەکانی نێو زەریاچە وشک بووەکان و ڕووبارە کەم ئاوەکان، باکتری و ڤیرووس و کانزا و مێتاڵە قورسەکانە.

دەیڤید مەیکێڵ لە درێژەدا دەڵێ: ئەم وردیلانەی نێو خۆڵبارینەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر کۆئەندامەکانی هەناسە و دڵ دادەنێن و نەخۆشینەکانی وەک ئاسم و نەخۆشیی سییەکان زیاتر دەکەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی جیهانی بێهداشت هۆکاری مردنی ٧ میلیۆن کەس لە جیهانە لە ساڵدا.

هەر لەمبارەوە دێنیل تانگ پسپۆڕی هەرێمناس لە ئیدارەی نیشتمانی ئۆقیانووسی، لە مێریلەندی ئامریکا دەڵێ: ئێمە لەو ناوچانەی کە بینەری چوونەسەری ڕێژەی خۆڵبارینەکانین، دەزانین کە تای درە زیادی کردووە و ئەم نەخۆشییە تەشەنەسێنەش(عفونی) بەهۆی هەڵمژینی جۆرێک قارچ کە نێو خۆڵدا دەژی، دێتە ئاراوە.

ناوبراو بە دووری نازانێت کە ئەم جۆرە قارچ و ڤیرووسانە، کاریگەری لەسەر ئاژەڵەکانیش دابنێت و دەلێ: ئەگەری ئەوەش زۆرە کە هەندێک نەخۆشینی لەم چەشنە، لە ڕێگەی ئاژەڵە ماڵییەکانەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە.

بەوتەی ئەم دوو کەسە، ئەگەر لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی هەوڵێکی جیددی لەمبارەوە نەخەنەگەڕ بەدڵنیاییەوە خەڵکی ئێران، لە داهاتوودا تووشی گرفتی زۆر جیددی و قەرەبوونەکراو دەبنەوە؛ بەتایبەت کە چوونە سەری پلەی گەرمی هەوا و کەمی بارینی باران دەتوانێ ڕەوتی ئەم قەیرانە خێراتر بکات.

ئەم هۆشداریدانەی پسپۆڕانی بیانی بە خەڵک و ڕێژیمی زاڵ بە سەر ئێران لە کاتێکدایە، کە بەپێی دوایین زانیارییەکان ڕێژیم لە باتی تەرخان کردنی بودجە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کێشە ژینگەییەکان سەرقاڵی دزینی بەشەبودجەی ئەم کێشانەیە بەمەبەستی پڕچەک کردنی هێزە سەربازییەکانی خۆی و میلیشیاکانی سەر بە سپای پاسداران لە دەرەوەی وڵات.