کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکاریی سپای پاسداران و ڕەت کردنەوەی هەر جۆرە چالاکییەکی ئابووری

15:48 - 5 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: جێگری فەرماندەی قەرارگای ساروڵڵا: هەموو ئەو پرۆژانە کە سپا کاریان لە سەر دەکات، تەنیا بۆ قازانجی گشتین و هیچ سوودێکیان بۆ سپا نییە.

پاش ئەوەی کە خامنەیی بڕیاری بە گواستنەوەی هەموو پرۆژەکانی سپا بۆ کەرتی تایبەت داوە، ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، پاسدار ئیسماعیل کەوسەری جێگری فەرماندەی قەرارگای ساروڵڵا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی اعتماد آنلاین وتوویە: ئەو پرۆژانەی کە سپا کاریان لە سەر دەکات، سوودیان بۆ هەموو خەڵکی ئێرانە و بە ئیزن و بڕیاری خودی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، ئەنجام دەدرێن.

بۆ یەکەمجار هاشمی ڕەفسەنجانی ڕەزایەتی خۆی بۆ دەستێوەردانی سپای پاسداران لە کاروباری ئاوەدانی و ئابووری دەربڕی و هەر بەپێی ئاماری خودی ڕێژیم ٨١٢ شیرکەت بە ناوی سپای پاسدارانی ئیرانەوە تۆمار کراوە، کە لە پرۆژەکانی ئابووری لە نێوخۆ یان وڵاتانی دیکە چالاکی دەکەن، هەنووکە ئەم شیرکەتانە ١٧٠٠ ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکوومەت بۆ جێبەجێ کردنی چەندین پرۆژە لە دەستدایە.

کەوسەری هەروەها وتوویە: سپا هەرگیز کاری ئابووری نەکردووە و کار و چالاکییەکانی تەنیا بۆ ئاوەدان کردنەوەی وڵاتن و بەپێی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران کاری کردووە، کە بەپێی ئەو یاسایە لە کاتی ئاسایشدا سپا دەبێ یارمەتیدەری ڕێژیم لە ئاوەدانی وڵاتدا بێت، بۆ وێنە لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان کە سپا یارمەتیدەری خەڵک بوو.

ئەو ئیددعایەی کەوسەری لە حاڵێکدایە، کە پاش تێپەڕبوونی ٧٥ ڕۆژ بەسەر بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، حکوومەت نەک کەمترین خزمەتی بەو خەڵکە نەکردووە، بەڵکوو بووەتە لەمپەر و کێشەی بەردەم یارمەتییە خەڵکییەکان و بەردەوام بە شێوەی جۆراوجۆر کێشە بۆ بوومەلەرزەلێدراوان دروست دەکات و چالاکییەکانی سپا لەو ناوچەیە بوونەتە یەکەمین و گەورەترین مەترسی بۆ سەر ژیانی خەلک.

لە لایەکی دیکەوە هەمیشە ناوی سپای پاسداران لەگەڵ قاچاخە مەزنەکان دێت و بە دەیان لەنگەرگای نافەرمی لە باشووری ئێران لە دەست سپا دایە و مەحموود ئەحمەدی‌نژاد لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە قاچاخی شتومەک، بەرپرسانی سپای پاسدارانی بە برادەرانی قاچاخچی ناو بردبوو.