کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران سەرچاوەی تێرۆری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئافریقایە

15:57 - 5 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: پاڵپشتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی له تێرۆریزم و دەستێوەردانەکانی له وڵاتانی ناوچەکه بەردەوامه.

ئەحمەد المسماری، وتەبێژی ئەرتەشی لیبی له پریسکونفڕانسێکدا له هەمبەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران له وڵاتەکەی به دەنگ هاتووە و ڕایگەیاندووە: که ڕێژیمی ئێران به شێوەی نهێنی له لیبی دەستێوەردان دەکات و وتوویەتی: بەڵگەمان به دەستەوەیە که ڕێژیمی تاران له قەیرانەکانی لیبی دەستی هەیە.

هەروەها باسی لەوە کردووە، که ڕێژیمی ئێران له سوودان کارخانەی چەکسازی هەیە و قاچاخی چەک و تەقەمەنی له سوودانەوە بۆ لیبی دەکات.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا له ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پاڵپشتی تێرۆریزمه، بەڵکوو تێرۆر هەناردەی وڵاتانی ئافریقاییش دەکات و لەو وڵاتانە دەستێوەردان دەکات و له کێشەکانی وڵاتانی ئافریقایی بۆ هەناردە کردنی ماددە هۆشبەرەکان و چەک و تەقەمەنی بۆ کردەوە تێرۆریستییەکانی کەڵکئاژۆ دەکات.

هەر لەو پەیوەندییەشدا، عادل الجبیر، وەرزیری دەرەوەی عەرەبستان، لە میانەی دانیشتنەکانی داووس له سوئیس، باسی لەوە کردووە: که ڕێژیمی ئیران، هەوڵ دەدات ئیمپراتۆرێک له ناوچەکه پێک بێهێنێت و هەڕەشەیەکه بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکه و هۆکاری سەرەکی فرقەگراییه و پاڵپشتی تێرۆریزمە.

ڕێژیمی ئێران به ناردنی تەقەمەنی و چەکوچۆڵ بۆ گرووپە تێرۆرستییەکان و گوشار بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکه دەهێنێت و به ئاژاوەنانەوە سیاسەتە نامرۆییەکانی خۆی پێش دەبات، له تازەترین ڕووداودا، ئەرتەشی یەمەن ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٤ی ژانویەی ٢٠١٨ی زایینی، له ئۆپراسیۆنێکی سەربازی، به ئازاد کردنی چەندین ناوچه له دەستی حووسییەکان، دەستی بەسەر ١٣ مووشەکی زلزال گرتووە.

جێگەی ئاماژەیە که ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی به فەرمی پاڵپشتی له میلیشیاکانی حەوسی به دژی عەرەبستان دەکات و مووشەکەکانی نێردراو بۆ یەمەن هەموویان سازکراوی ئێرانن که چەندین جاریش بەرەو عەرەبستان هاویشتروان.