کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ڕێژیم: زیندانییەکان لە ئێراندا شوکرانەبژێری بەرپرسانی زیندانەکانن

20:24 - 5 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی زیندانەکانی ڕێژیمی ئێران، لە هەمبەر داواکارییەکان بۆ سەردانی زیندانی ئەوین، وتوویە: زیندانییەکان شوکرانەبژێری بەرپرسانی زیندانن.

پاش دوایین خۆپیشاندانەکانی سەرشەقام لە شارەکانی ئێران و گیان لە دەست دانی گوماناوی ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوەکان، لەژێر گوشاری خەڵک لە لایەن چەندین کۆمسیۆنی مەجلیسی ڕێژیم خوازیاری سەردانی زیندانی ئەوین کرا.

عەلی ئەسغەر جەهانگیر، بەرپرسی ڕێکخراوی زیندانەکان و کاروباری ئەمنییەتیی کۆماری ئیسلامی، لە کۆبوونەوەی بەڕێوبەرانی بەشی پێوەندیی زیندانەکان، لە وڵامی داواکاریی هێندێ لە نوێنەران لە مەجلیسی ڕێژیم، کە پاش مەرگی گوماناویی هێندێ لە دەسبەسەرکراوان هاتووەتە ئاراوە، وتوویە: ساڵانە سەدان جار سەردانی زیندانەکان دەکرێت و هەمیشە بەندکراوان دەسخۆشیان لە بەرپرسانی زیندان کردووە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا ئەو تۆمەتەی ڕەت کردەوە، کە بەندکراوان لە زیندانەکان دەرمانخوارد دەکرێن، هەروەها باسی لەوەش کردووە، ئێمە لە زینداندا لەگەڵ کەسانێکی یاساشکێن بەرەوڕووین و ئەو کەسانە دەیانەوێت ئەو لاساری و یاساشکێنییەیان بۆ نێو زێندانەکان بگوازنەوە.

لەم بارەوە حەسەن نایب هاشم پزیشکی دانیشتووی وڵاتی ئوتریش لە وتووێژێکدا لەگەڵ سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی دەرەوەی ئێران، وتوویە: ڕەت کردنەوەی ئەم تۆمەتە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەم دەرمانخواردنانە لەسەر هەموو زیندانییەک جێبەجێ ناکرێت و ئەگەر دەرمانێکیش بە زیندانییان بۆ چارەسەریی نەخۆشی و باری ناتەندروستی دەدرێت، لەژێر چاوەدێریی پزیشکی ناشارەزا دەبێت؛ بۆیە ئاکامی ئەم کارە ناپسپۆڕانە نالەباربوون و لە کۆتاییدا مەرگی زیندانییانەیە.