کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە هاوکاریی خۆی بۆ پێشگرتن لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران دووپات کردەوە

20:37 - 5 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: جرارد ئارۆد باڵوێزی فەرانسە لە ئامریکا هاوکاریی وڵاتەکەی و ئورووپای بۆ پێشگرتن لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا دووپات کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، باڵوێزی فەرانسە لە ئامریکا ڕایگەیاندووە کە هاوکات لەگەڵ پاراستنی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەدا هاوکاریی وڵاتانی جیهان دەکەین.

ماوەیەک پێش لەو بارەیەدا ژان ئیوو لۆدریان، وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرانسە نیسبەت بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەدا نیگەرانی دەربڕی و جەختی کردەوە کە مێحوەری تاران تا مەدیتەرانە مەترسیدارە.

لۆدریان هەروەها باسی لەوە کردبوو، پەرەگرتنی دزەکردنی ڕێژیمی ئیران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگای نیگەرانیه و داوای لەو ڕێژیمەش کرد تا هێزەکانی خۆی لە سووریه بکشێنێتەوە و دژایەتی وڵاتەکەشی لەگەڵ مێحوەری تاران تا مەدیتەرانە دەربڕی.

وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرانسە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، پشتیوانی ڕێژیمی ئێران لە حیزبوڵڵای لوبنان و بوونی هێزەکانی ئەو ڕێژیمە لە سووریە خۆی مەترسیدارە.

هەروەها سەرکۆماری فەرانسە ئیمانۆئێل ماکڕۆن لە وتووێژێکی تایبەتەدا لەگەڵ ڕادیۆ نێونەتەوەیی فەڕانسە و تەلەفزیۆنی فڕانس ٢٤، نیسبەت بە سیاسەتی دەرەکی وڵاتەکەی باسی لەوە کردبوو، ڕێژیمی تاران هۆکاری ناسەقامگیری لە ناوچەکەیە و بەرنامەی مووشەکیی ئێرانی مەترسیدار وەسف کردبوو.

دوای قسەکانی ماکڕۆن سەرکۆماری فەرانسە، پاسدار محەممەدعەلی جەعفەری فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسداران لە پڕێس کۆنفڕانسێکدا گوتی: ماکڕۆن لاوێکی بێ‌ئەزموون و ناکامڵە و قسەکانی جێگەی گلەیی نین.

پێداگری بەرپرسانی نیزامیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەر بەردەوامی و پەرەدانی زیاتر بە بەرنامە نیزامی و مووشەکییەکان لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ناوچە و زلهێزانی جیهان بەردەوام هۆشداری بەو ڕێژیمە دەدەن.