کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دێکۆمێنتاری \"کویسنجق\" خەونی بە تاڵی بەرپرسانی ڕێژیمه

22:39 - 5 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: دروستکردنی فیلم و بەڵگەنامەی چەواشەکارانە لە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە درێژەی هەیە.

لە دوای ئەوەیکە دامەزراوەی فەرهەنگی و هونەری سابقون، سەر بە سپای پاسداران لە دێکۆمێنتارێکدا باسی لە چۆنیەتی هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات کرد و کۆمەڵێک چەواشەکاری لەو دێکۆمێنتارەدا خستە ڕوو، کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات لە دێکۆمێنتارێکدا وڵامی ئەو درۆ و چەواشەکارییانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی دایەوە.

ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات لە دێکۆمێنتارێکدا لەژێر ناوی خەونی بەتاڵ وڵامی چەواشەکارییەکانی بەرپرسانی نیزامی و ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانی لەبارەی هێرش بۆ سەر بنەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە دایەوە.

لە دێکۆمێنتاری خەونی بەتاڵ، کە لە لایەن کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات ئامادە و بڵاوکراوەتەوە، ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات لە سەر ڕاستییەکانی ئەو ڕووداوە قسە دەکەن.

لەو بارەیەوە محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند: بە ڕوونی لە دێکۆمێنتاری کویسنجقدا دەر دەکەوێت کە هێزەکانی ڕێژیم چەندە بێ ڕوحیەن و لە درێژەدا باس لەوە دەکات: هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان حیزبی دێموکرات و کۆماری ئیسلامیدا واژۆ نەکراوە و هەموو پیلانەکانی ڕێژیم بە دژی حیزبی دێموکرات و کاک مستەفا هیجری خەنەی بێ ڕەنگ بوونە.

ڕێژیمی ئێران هەوڵی دابوو لە دێکیۆمێنتاری کویسنجقدا ڕێککەوتنی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بەلاڕێدا ببات و لەپێناو گەورەیی خۆیدا لە قەڵەمی بدات.

هاوکات کاوه بەهرامی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باس لەوە دەکات: ئێمە پێشتر ئاگاداری ئەو هێرشەی ڕێژیم بووینە و هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ بەرەنگاری دژی هێزەکانی ڕێژیم ئەنجام دابوو و تەنیا بە هۆی هەلومەرجی ئەو کات نەمانتوانی زەربە لە هێزەکانی ڕێژیم بدەین دەنا یەک کەس لە هێزەکانی ڕێژیم نەدەگەڕانەوە بۆ ئێران.

هەروەها لوقمان مێهفەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی ئەو دێکیۆمێنتارەی ڕێژیمدا دەڵێت: ئێمە کە ئاگادار کراین ئەو هێرشە کراوەتە سەر بنکەکانی حیزب دەستەی کۆماندۆی کۆمیتە شارستانی شنۆ و ورمێ لە عەمەلیاتێکی هاوبەشدا زەربەیەکی قورسیان لە هێزەکانی ڕێژیم دا و چەندین پلەبەرزی سپا بە دیل گیران کە ئێمە بەپێی ئەو عوڕفەی کە لە نێو حیزبی دێموکراتدا هەیە و دیل کوشتن قەدەغەیە، ئێمە دوای ڕوونکردنەوەیەکی زۆر بۆ ئەو بەرپرسانەی سپا ئەوانمان ئازاد کرد.

ماوەیەک پێش ئێستا دامەزراوەی فەرهەنگی و هونەری سابقون، سەر بە سپای پاسداران لە دێکۆمێنتارێکدا باسی لە چۆنیەتی هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات کرد و کۆمەڵێک چەواشەکاری لەو دێکۆمێنتارییەدا بڵاو کردەوە.

لەم دێکۆمێنتارییەدا تێرۆریست محەممەد جەعفەر سەحراڕوودی کە لە دانیشتنەکانی ڤییەن لە ساڵی ١٩٨٩دا ئەندامی هەیئەتی ئێرانی بۆ وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی حیزبی دێموکرات بوو و هەروەها بکوژی شەهید دکتۆر قاسملوو و عەبدووڵلا قادری ئازەرە، بە چەواشە کردنی ڕاستییەکان لە هێرشی سپا بۆ سەر بنکەکانی حیزب دەیهەوێت سپای پاسداران بە سەرکەوتوو لە قەڵەم بدات.

لە دێکۆمێنتاری کۆیسنجقدا، چەند جاشێکی سپای پاسداران لە بارەی هێرشی ناسەرکەوتووی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزب لە ئاخاوتنێکی چەواشەکارانەدا نەخشی پاسداری کوژراو ئەحمەد کازمی زەق دەکەنەوە.

دوای ئەم هێرشە ناکامەی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزب، دەفتەری سیاسی بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ناکامیی و ڕسوایی سپای پاسداران کۆتایی هاتووە.

شەوی ٥ی گەلاوێژی ١٣٧٥، هێزێکی چەند هەزاری کەسی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران تەیارکراو بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس لە ڕێگەی سنووری مەریوان هاتنە نێو خاکی کوردستانی عێراق و لە شوێنە ستراتیژییەکان و چیاکانی کۆیە نیشتەجێ بوون و سپێدەی ٨ی گەلاوێژ تۆپبارانێکی چڕیان بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات و کەمپی ئاوارەکانی ئێرانی دەست پێ کرد.

هێزەکانی سپای پاسداران دوای ١٢ کاتژمێر تۆپباران بەبێ ئەوەی بوێرن بۆ سەر بنکەکانی حیزب پێشڕەوی بکەن و بە هۆی خۆڕاگریی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، نیگەرانی دەربڕینی بیروڕای گشتی، ڕق و قینی خەڵکی کوردستانی عێراق هێزەکانی سپای پاسداران مەئموریەتی ناسەرکەوتووی خۆیان بە شێوەی تەواونەکراو بەجێ هێشتوو و سەرشۆڕانە بۆ ئێران گەڕانەوە.

داڕێژەرانی هێرشی ناکامی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە ئەحمەد کازمی فەرماندەی پێشووی قەرارگای حەمزە و محەممەد جەعفەر سەحراڕوودی فەرماندەی پێشووی قەرارگای ڕەمەزان بکوژەکەی د.قاسملوو بوون.

لە وڵامی ئەم ‌هێرشەی سپای پاسداران، دەستەی کوماندۆوەکانی کۆمیتەی شارستانی ورمێ و کۆمیتە شارستانی شنۆ لە عەمەلیاتێکی هاوبەشدا لە شاری شنۆ لانیکەم ١٣٠ کەس لە هێزەکانی سپای پاسدارانیان کوشت.