کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"سەعید تووسی\" بە \"بێتاوان\" ناسێندرا

14:34 - 7 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: پاش ٢ ساڵ مشتومڕ، قاڕییە بەناوبانگەکەی خامنەیی، کە دوو ساڵ لەمەوبەر. هەواڵی دەستدرێژییە سێکسییەکەی بۆ سەر لانیكەم ١٩ منداڵ بڵاو کرایەوە، لە دادگا بە بێتاوان ناسێندرا.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٦ی ڕێبەندان، بەشێک لە ماڵپەڕەکانی ڕێژیم، هەواڵی بە بێتاوان ناساندنی قاڕییە بەدڕەوشتەکەی بەیتی ڕێبەریی ڕێژیمیان، پشت ڕاست کردەوە؛ هەروەها مەحموود سادقی نوێنەری مەجلیسی ڕێژیمیش ڕایگەیاند: لقی ٥٦ی دادگای پێداچوونەوەی تاران، بە بێ واژۆی سەرۆکی دادگا، حوکمی چوار ساڵ زیندانی حاجی تووسی ڕەد کردەوە.

هەواڵی دەستدرێژیی ئەم قورئانخوێنەی خامنەیی، ٢ ساڵ لەمەوپێش لە ڕاگەیەنەکاندا بڵاو کرایەوە و پاش ئاشكرابوونی ئەو ڕاستییە پڕشوورەییە، حاجی سەعید نەك هەر بە سزای یاسایی خۆی نەگەیشت، بەڵكوو بە هۆی پاڵپشتیی بەیتی ڕێبەری و بەتایبەت خودی خامنەیی لەو تاوانبارە، بڕیاری ڕاگرتنی دۆسیەی ناوبراو درا و تەنانەت سكاڵاكەرانی دۆسیەكە كەوتنە ژێر گوشاری دەزگا ئەمنییەكانی ڕێژیم.

پڕئاشکرایە، ئەمە یەکەمجار نییە کە پەروەندەی لەم چەشنە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، سەرپۆشی بۆ دادەنرێت و مێژوویەکی کۆنی هەیە؛ لە ڕەوتی هێرش بۆ سەر کوی دانشگاه و دۆسیەی کەهریزەک کەسانێکی وەک فەرهاد نەزەری و سەعید مۆرتەزەوی بە بێتاوان ناسێندران و قوربانییانیش بە تاوانبار!

ئەم بڕیارەی دادگای حکوومەتی داد، کە خۆیان بە نوێنەری خودا لە سەر عەرز دەناسێنن، لە کاتێکدایە کە لە حکوومەتی، بە قەولی ڕێژیم، شەیتانیی ئامریکادا، پزیشکی پێشووی تیمی ژیمناستیکی ئەم وڵاتە، بەتۆمەتی ئازاردانی جینسی، حوکمی ١٧٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە و هەموو ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەریی فێدراسیۆنی ژیمناستیکی ئامریکاش دەستیان لە کار کێشایەوە.

ئەوەیکە ڕوونە مێژووی ئیدئۆلۆژیی حكوومەتیی ئێران، بەتایبەتی پاش هاتنەسەركاری سەفەوییەكان لە ئێراندا، مێژوویەكی تەژی لە دەستدرێژی و بەدڕەوشتی فەرمی و ڕێگەپێدراوە كە تەنانەت پیاوە ئایینییەكانیش تێیدا تاوانبار و بەشدارن، کە ئەمەش لە کتێبگەلێکی وەک رستم التواریخی موحەممەد هاشم ئاسف و تحریر الوسیلەی خومەینیدا دیار و بەرچاون.