کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەکی ناوکیی ئێران بۆ هەموو جیهان مەترسیدارە

14:47 - 7 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بەشداری لە کۆبوونەوەی جیهانیی ئابووری کرد و داوای لە هەموو وڵاتانی جیهان کرد تا هەوڵ بدەن کە ئێران دەستی بە چەکی ناوکی نەگات.

دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی هەینی ٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ئاخاوتنی خۆیدا لە داووسی سوئیس، داوای لە هەموو جیهان کرد تا پرۆسەی ناوکیی ئێران بە جیددی بگرن و هەوڵ بدەن تا ئێران دەستی بە چەکی ناوکی نەگات.

ترامپ لەو لێدوانەدا هەروەها ئاماژەی بە کۆمەڵێک بابەتی دیکە کردووە، کە گرینگترینەکانیان ئەمانەن:
• هاوپەیمانەتی دژ بە داعش توانیویەتی لە عێراق و سووریە، هەموو ئەو ناوچانەی کە داعش دەستی بەسەردا گرتبوون، لێ وەربگرنەوە و داعش لەنێو ببەن.

• بۆ ئەوەی جیهانێکی ئەمنترمان بێت ئامریکا لەسەر پەرەدان بە پیشەی چەکوچۆڵی پیشکەوتوو کار دەکات.

• بە نیسبەت یاسای پەنابەریی ئامریکا، وتوویە: کە بۆ بە یەکگەیشتنی ئەو خێزانانەی کە کەسێکیان لە ئامریکایە کار دەکات.

• لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترامپ وتوویە: ئێستا باشترین کاتە بۆ سەرمایەدانان لە ئامریکا، چوونکە وڵاتەکەی لە بواری ئابوورییەوە گەشەی بەرچاوی بە خۆ بینیوە و جەختی کردەوە کە دەروازەکانی ئامریکا بە ڕووی بازرگانە بیانییەکان ئاوەڵایە، هەروەها وتوویە: بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرمایەدانەرانی بیانی بۆ ئامریکا یاسای داهاتانە دەستکاری دەکرێت.

• ناوبراو سەرەڕای جەخت کردنەوە لەسەر سەرمایەدانانی ئازاد، وتوویە: لە هەمان حاڵدا ئەو سەرمایەدانانەش دەبێ دادپەروەرانە بێت.

شایانی باسە کە لە ١٨ ساڵی ڕابردوودا ئەوە بۆ یەکەمین جارە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بەشداری لە دانیشتنی داووس دەکات، ناوبراو سەرەڕای بانگ کردنی سەرمایەدارانی هەموو جیهان بۆ سەرمایەدانان لە ئامریکا، داوای لە هەموو وڵاتانی جیهانیش کردووە، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە بچنە پاڵ ئامریکا و لەگەڵی هادەنگ ببن.