کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی هەڕەشەی ئامریکاوە، ڕێژیم کۆتایی بە مانۆڕەکانی هێنا

15:14 - 7 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ماوەی ٥ مانگە بەلەمە تیژڕەوەکانی ڕێژیم سەرئێشە بۆ ئامریکاییەکان لە کەنداو درووست ناکەن.

ڕاگەیەنەکانی ئامریکا لەسەر زاری بەرپرسانی سەربازی وڵاتەکەیانەوە بڵاویان کردووەتەوە، لە ماوەی ٥ مانگی ڕابردوودا هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان کەشتییە ئامریکاییەکان و بەلەمە تیژڕەوەکانی کۆماری ئیسلامی نەهاتۆتە ئاراوە.

پێشتر، لە سەردەمی سەرۆکایەتی بەراک ئۆباما، لە ئاوەکانی کەنداودا بەلەمە خێراکانی رێژیمی تاران بەردەوام لە دەورووبەری کەشتییە سەربازییەکانی ئامریکا مانۆڕیان دەدا و دواتر لە دەزگا میدیاییەکانی خۆیان پڕوپاگەندەیان پێوە دەکرد، کە گوایە ئامریکا ناتوانێ پێشیان پێ بگرێ.

ئەم ڕەوتە تا هاتنە سەرکاری ترامپ بەردەوام بوو؛ ٥ مانگ لەمەوپێش لێپرسراوانی سەربازی ئامریکا بە ئاگاداری دانڵد ترامپ، دوایین هۆشدارییان بە سپای پاسداران دا، کە ئەگەر جارێکی دیکە جووڵەی لەم چەشنە ببیندرێت، ئەوا وەڵامی گونجاو دەدرێتەوە.

ژێنێراڵ ژۆزێف ڤۆوتێڵ فەرماندەی ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئامریکا، پێشتر ڕایگەیاندبوو ئەم چەشنە کارانە لە هیچ شوێنێکی دنیا جێگەی قبوڵ کردن نییە.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، پێش لە هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە ڕایگەیاندبوو، کە شکۆی وڵاتەکەی بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی ئیدارەی ترامپ، لە ئاستی جیهانیدا کەوتۆتە ژێر پرسیار و ئەو دەیهەوێ ئەم پڕەستیژ و شکۆیە بۆ ئامریکا بگەڕێنێتەوە.