کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا داوای لە وڵاتانی شۆرای ئەمنییەت کردووە، بەرنامه مووشەکییەکانی ئێران تاوتوێ بکەن

20:17 - 7 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: باڵوێزی ئامریکا، له ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی ئەندامی شۆرای ئەمنییەتی بۆ تاوتوێ کردن بەرنامه مووشەکییەکانی بانگهێشت کردووە.

نیکی هێلی، باڵوێزی ئامریکا له نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، له واشنتۆن، داوای لە وڵاتانی شۆرای ئەمنییەت کردووە، لە بارەی تاوتوێ کردنی بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران و پاشماوەکانی ئەو مووشەکانەی کە لە لایەن حووسییەکانەوە بەرەو عەرەبستان هاوێژراون، دانیشتنێکیان هەبێت.

لەو کۆبوونەوەدا بڕیار وایە لەگەڵ دانڵد ترامپ دانیشتنەکە پێک بێت و ئامریکا دەیەوێت، ئەو بەڵگانەی که لەسەر بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران بەتایبەت ئەو مووشەکانەی که به حووسییەکان دراوە بخاتە ڕوو و بۆ ئەندامانی شۆرای ئەمنییەت ڕوونی بکاتەوە، که ڕێژیمی ئێران به ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان پێبەند نییە.

نیکی هێلی ڕایگەیاندووە، که له نەتەوە یەکگرتووەکان له حاڵی تاوتوێ کردنی خاڵەکانی بەردەست بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و گۆڕینی کردەوەکانی ئەو ڕێژیمەین.

نیکی هێلی، مانگی ڕابردوو له پرێسکونفڕانسێکدا، دوای هاویشتنی مووشەکی بالستیکی له لایەن حووسییەکانەوە بەرەو عەرەبستان ڕایگەیاند، که ئەو مووشەکانه که لە ئاسمانی عەرەبستانەوە تەقێندرانەوە و پاشماوەکانی لە دەستی ئەرتەشی عەرەبستانن، سازکراوی ئێران و لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ حووسییەکان نێردراون.

ئەو مووشەکانه نیشانی گرووپی پیشەیی شەهید باقریانـی لەسەر بووە که دامەزراوەیەکی سەر به وزارەتی بەرگری ڕێژیمی ئێرانه؛ ئامریکا که ڕێژیمی ئێران به هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری له ناوچەکه دەزانێت و ئەو ڕێژیمه تاوانبار دەکات که ڕێککەوتننامە جیهانییەکانی پێشل کردووە، هەوڵ دەدات که به بەڵگە بسەلمێنێت که ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ناوچەکه و جیهان مەترسییە.