کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی عەرەبی لە هەمبەر زێدەخوازییەکانی ئێران یەکگرتووتر بوون

14:42 - 8 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: عەمەڵیاتی (زریانی لێبڕاو) بووەتە هۆی ئەوەی تا وڵاتانی عەرەبی لە هەمبەر زێدەخوازییەکانی ئێران یەکگرتووتر بن.

سەرۆکوەزیرانی دەوڵەتی یەمەن، ئەحمەد بن‌دەغر، ڕۆژی شەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ فەرماندەرانی هاوپەیمانەتیی عەرەبی وتوویە: بڕیاری مێژوویی مەلک سەلمان بۆ دەسپێکردنەوەی عەمەڵیاتی (زریانی لێبڕاو)، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە کوودەتای حووسییەکانی سەر بە ئێران لە یەمەن، وڵاتانی عەرەبی ڕێک خست و لە یەک هاوپەیمانەتیدا کۆتایییان بە زێدەخوازییەکانی ئێران لە یەمەن هێنا.

سەرۆکوەزیرانی یاسایی یەمەن وتوویە: ئێران بە نیازە تا بە کەڵکاژۆ گرتن لە حووسییەکان، تێپەڕگە نێودەوڵەتییەکان بگرێتە دەست خۆی و لەو ڕێگایەوە ببێتە ‌هەڕەشە لەسەر تەناهی وڵاتانی عەرەبی و ئەمنییەتی هەموو جیهان.

ناوبراو هەروەها وتوویە: دەوڵەتی یەمەن بە هاوکاری و پاڵپشتیی هاوپەیمانەتیی عەرەبی، توانیویە ٨٥ لەسەدی خاکی یەمەن لە دەست کوودەتاچییە حووسییەکانی سەر بە ئێران ڕزگار بکات و سەرکەوتنی مەزن بەدەست بهێنێت.

نیکی هێلی، نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە چەندین دانیشتنی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی باسی لەوە کردبوو، کە سپای پاسدارانی ئێران مووشەکە بالستیکییەکانی خۆی دەداتە حووسییەکانی یەمەن تا دژ بە عەرەبستان شەڕیان پێ بکەن.