کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی بەشارئەسەد چەکی کیمیایی لە هەمبەر دژبەرانی خۆی بەکار دەهێنێت

15:08 - 8 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا، باسی لەوە کردووە، کە ڕێژیمی بەشارئەسەد لە هەمبەر دژبەرانی خۆی چەکی کیمیایی بەکار دەبات.

ڕۆژی شەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕێکس تێلرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە کونفڕانسێکی هاوبەشی هەواڵدەریدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لەهستان لە وەرشۆ، وتی: ئێستەش ئامریکا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ڕێژیمی بەشارئەسەد کە لە لایەن ڕووسیەوە پشتیوانی لێ دەکرێت، بەردەوام بە دژی خەڵکەکەی خۆی لە چەکی کیمیایی کەڵک وەردەگرێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە لە سووریە چەکی کیمیایی هەیە و بۆ کوشتنی خەڵکی ئاسایی و منداڵان بەکار دەچێت، بەم بۆنەوە ئێمە ڕووسیە بە بەرپرسی ئەو کارە دژەمرۆیییە دەزانین و بەپێی ئەوەی کە لە کۆنوانسیۆنی قەدەغەبوونی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ئەندامە دەبێت بە بەڵێنییەکانی پێبەند بێت.

سەفەری ڕێکس تێلرسۆن بۆ لەهستان بە مەبەستی بەشداریی لە ٧٣هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی یەهوودییەکانی شەڕی جیهانیی دووهەم بە دەستی ئاڵمانی نازییەوە بوو.