کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی لە ئێران و کوردستان زیاد دەکات، کەم ناکات

15:33 - 8 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: دوایین هەواڵ و ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان، بە پرسی ئابووریی لە ئێران و کوردستان دەریدەخەن، کە گرانی نەک کەم ناکات بەڵکوو بەردەوامە لە هەڵکشان.

بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەری کوردستان میدیا گەیشتووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا نرخی هەر تایەک برنجی هێندی، لە شارەکانی کوردستان، لە ٥٢٠٠٠ تمەنەوە بووەتە٦٦٠٠٠ تمەن، نرخی هێلکە، کە چەند ڕۆژێک بەهۆی نارەزایەتییەکانەوە هەرزان ببوو، بەرز بووەتەوە و چووەتەوە کیلۆی ٨٠٠٠تمەن.

بەپێی ئەم هەواڵە، نرخی خواردەمەنییەکانی وەک ڕۆن و شەکر، بەڕێژەی ١٠ لە سەد گران بووە و بەهۆی گرانییەوە، بازاڕ پەنگی خواردووە، چەکی بەرگەشتی زۆرە و ڕێژەی بێ‌نۆڕمییە کۆمەڵایەتییەکانیش، بەهۆی گرفتە ئابوورییەکانەوە ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ ڕووی لە زیاد بوونە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە ،کە ئەم ڕەوشە بەچەشنێک پەرەی سەندووە، کە وادە و بەڵێنییەکانی ڕێژیم بۆ چارەسەری کێشەکانیش بووەتە گاڵتەجاڕ و جۆکی خەڵکی ئاسایی سەر شەقام و لە شەونشینییەکاندا بە گاڵتەوە باسی لێدوانەکانی بەرپرسانی رێژیم دەکەن.

ئەم دۆخەی بازاڕی کوردستان لە کاتێکدایە، کە بەپێی دوایین راپۆرتە حکوومەتییەکانیش لە چەند حەوتوی ڕابردوودا، بازاڕی ئێران ناسەقامگیرییەکی هەست پێکراوی بەخۆوە بینیوە؛ بەچەشنێک کە نرخی هەندێک لە کەلوپەلەکان، ئەوەندە بەرز بۆتەوە کە خەڵک توانای کڕین و دابین کردنیان نییە؛ بۆ وێنە نرخی هەر هێلکەیەک گەیشتە ٧٠٠ تمەن.

سەبارەت بە گرانی لە ئێراندا، هەواڵدەریی تسنیم ئاشکرای کردووە: بەپێی داتاکانی نێو دوایین ڕاپۆرتی بانکی جیهانی، پێوەری نرخی بەکاربەر (Consumer price index) لە ئێران، ٥ قات زیاتر لە نێونجی جیهانییە؛ بەم پێیەش پێوەری نرخەکان لە ئێران، لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، نیزیک بە ٥ قات زیادی کردووە کە پاش سودان لە نێو هەموو وڵاتانی جیهان، پلەی دووهەمی هەیە؛ ئەمەش بەواتای گەشەی بێسنووری نەخدینەیی ئابووریی ئێرانە.