کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشنوێژی تاران: عەلی خامنەیی چارەسەری هەموو کێشەکانە

15:51 - 8 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: پێشنوێژی هەینی کاتیی تاران لە قسەکانی نوێژی هەینیدا وتوویەتی: ئینقلاب بەهرەی گەورەی خودایە و زاناترین ڕێبەری جیهان سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، ئەحمەد خاتمی پێشنوێژی هەینی کاتیی تاران باسی لەوە کردووە، ڕۆحانییەکان سەرمایەی ئێمەن و هێرش بۆ سەر حەوزەی علمییە ورەی ڕۆحانییەت دادەبەزێنێت.

ئەو بەرپرسە باڵا مەزهەبییەی ڕێژیم وتوویەتی: ١٠ گەندەڵکاری ئابووری دەبێ بە قامچی لێیان بدرێت و محاربین ئێعدام بکرێن.

ناوبراو ئیددعای ئەوەی کردووە، ئینقلاب بەهرەی خودایە کە نەسیبی جیهانی ئیسلام و خەڵکی ئێران بووە و ئەو بەهرەیە شتی وەکوو: سەرەوری، سەربەخۆیی، ئەمنییەت و دەیان بەهرەی دیکەیە.

خاتەمی وتوویەتی: ئەوەی کە دوژمن دەڵێت: ڕێژیم بەرەو ڕووخان دەڕوات ڕاست نییە، چونکە هەوڵەکانی دوژمن تەنیا پیلانێکە و ئێمە بە ڕێبەرێکی وەک خامنەیی دەتوانین هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین.

پێشنوێژی هەینی ڕێژیم لە قسەکانیدا پڕژاوەتە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەپەکانی وەک تێلێگرام و ئینستاگرام و وەکوو مەترسییەک بۆ سەر ڕێژیمی زانیوە کە لە دەستی دوژمن دایه.

لە دوای سەرهەڵدانە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئیران بە دژی دەسەڵاتی ئاخوندەکان، بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بەردەوام باس لەوە دەکەن، کە ئەو خۆپێشاندانانە پیلانی دوژمنە و خەڵکی ئێران لایەنگری ڕێژیمن.

لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا کە هەتا ئێستاش بە شێوەی پچڕپچڕ لە ئێراندا بەردەوامە، چەندین کەس کوژرا و بریندار بوون.