کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکی سیاسی کورد چاوەڕێی حوکمی ئێعدامە

15:57 - 8 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بۆ دووهەمین جار حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن بێدادگاکانی ڕێژیمەوە پەسند کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ لە دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دووبارە موحاکمە کرا و حوکمی ناڕەوای ئێعدامی بەسەردا سەپا.

شوناسی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بریتییە لە هیدایەت عەبدوڵاپوور کوڕی ئەبووبەکر، خەڵکی گوندی قەرەسەقەڵی شنۆ، کە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ دووهەمین جار حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.

هیدایەت عەبدوڵاپوور وێڕای چەند کەسی دیکە بە ناوەکانی حاسڵ عەزیزی، محەممەد زاهید فەرامەرزی، یەعقووب بائیکەرام، جەلال مەسرووری، کەمال مەسرووری و سدیق بائیکەرام پاش حەماسەخوڵقێنی قارەمانانی دێموکرات، لە گوندی قەرەسەقەڵی شنۆ لە جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی دەسبەسەر کران.

ئەو کەسانەی کە لەگەڵ هیدایەت عەبدوڵاپور دەسبەسەر کران سەرجەم بە ١٠٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.