کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێپێوانێک لە وڵاتی سویس بۆ پشتیوانی لە عەفرین بەڕێوە چوو

16:00 - 8 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ڕیپێوانێکی جەماوەری لە لایەن هەزاران کوردستانی و چالاکانی سویسی دژی شەڕ و پشتیوانی لە خەڵکی عەفرین لە شاری زوریخ لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە بەشداریی هەزاران کەس لە کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە و چالاکانی دژی شەڕ و بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سویس ڕیپێوانێکی جەماوەری دژی هێرشی تورکیە بۆ سەر عەفرین و بۆ پشتیوانی لە خەڵکی عەفرین بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕیپێوانەکە بە ڕێپێوانێکی دوور و درێژ و بە وتنەوەی دروشم بە زمانەکانی کوردی، ئاڵمانی و تورکی بە دژی ڕێژیمی تورکیە و بۆ پشتیوانی لە خەڵکی عەفرین بە ناو شاری زوریخ دەستی پێ کرد.

لە بەشێکی دیکەی خۆپیشاندانەکە بڕیارنامەی خۆپیشاندەران و کۆمیتەی ڕێکخستنی ئەو ڕێپێوانه بە زمانەکانی کوردی، ئاڵمانی و تورکی خوێندرایەوە.

بەشی کۆتایی ڕێپێوانەکە بۆ پێشکەش کردنی چەند پارچە موزیکێک بۆ پشتیوانیی لە خەڵکی عەفرین تەرخان کرا.

بۆ ڕێکخستنی ئەو ڕێپێوانە زیاتر لە چل حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی و سویسی و هەروەها کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سویس بەشدارییان هەبووە. بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین کەس کۆ بکەنەوە، کۆمیتەیەکیان لەژێر ناوی پلاتفۆرمی عەفرین پێکھێنا.