کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران یەکێک لە ١٠ وڵاتی پێشێلکاری مافی هونەرمەندانە

14:11 - 9 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: کۆماری ئیسلامی بە یەکێک لە ١٠ ڕیژیمی سەرەکی جیهان، لە بواری پێشێل کردنی مافی هونەرمەندان لە جیهان ناسێندرا.

ماڵپەڕی لێکۆڵینەوەیی ڕۆژنامەوانانی جیهان(GIJN)، لە دوایین لێکۆڵینەوەی خۆیدا، ناوی ١٠ هونەرمەندی سەرکێشی جیهانی بڵاو کردەوە کە لە نێویاندا ناوی هونەرمەندی نیگارکێشی کورد، زەهرا دووگان بۆ کێشانەوەی وێنایەک لە گۆڕەپانی شەڕ و دوو هونەرمەندی ئێرانی بە ناوەکانی مێهدی ڕەجەبیان ئاوازدانەر و ژەنیاری سێتار و هەروەها حسەین ڕەجەبیان، فیلمساز بڵاو کردۆتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم ٢ برا، کە لە پلەی شەشەمی ڕاپۆرتەکەدا جێیان گرتووە، بەهۆی سازکردنی فیلمێک بەناوی مێژووی ئێران لە زمانی سێتارەوە، دەسبەسەر و بە زیندان مەحکووم کراون.

نێوەڕۆکی فیلمی ئاماژەبۆکراو بریتییە لە ئێعتراز بە بارودۆخی هەنووکەیی کۆمەڵگەی ئێران.

تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەم دوو کەسەش بریتییە لە، سووکایەتی کردن بە پیرۆزییەکان و پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیم؛ حوکمی داسەپاو بەسەر ئەم دوو کەسە، بریتییە لە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٢٠ میلیۆن تمەن جەریمە.

لەم ڕاستایەشدا ماڵپەڕی ئاماژەبۆکراو، کۆماری ئیسلامی ئێرانی، بە یەکێک لە ١٠ ڕێژیمی سەرەکیی جیهان، لەمەڕ پێشێل کردنی مافی هونەرمەندان ناساندووە.