کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە هاووڵاتییەکی کورد گیانی لەدەستدا

14:25 - 9 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کوردی تەمەن ٥٥ ساڵ، لە ئەنجامی هەڵەیەکی پزیشکی لە پێتەختی ئێران، بوو بە قوربانی.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەمبارەوە بڵاوی کردۆتەوە، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی گوندیدەرەهەجیجی شاری پاوە و دانیشتووی شاری مەریوان، بە ناوی عەبدولقادر فەتاحی، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران بوو بە قوربانی کەمتەرخەمییە پزیشکییەکان و گیانی لە دەست دا.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش نەشتەرگەری، لەحاڵێکدا کە باری تەندروستی بەرەو باشی ڕۆیشتووە بە لێدانی دەرزییەک لەلایەن یەکێک لە پزیشکەکانی نەخۆشخانەکەوە دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.

بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە، پاش ئەم ڕووداوە سکاڵایان لە دژی ئەو پزیشکە تۆمار کردووە؛ بەپێی دوایین زانیارییەکان هەتا ئێستا تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە نەخۆشخانەدایە.

ئەمە یەکەمجار نییە لکە ڕووداوی لەم چەشنە ڕوو دەدات؛ پێشتریش لە ١٤ی خەزەڵوەری ئەمساڵ بە هۆی هەڵەی پزیشکیی نەخۆشخانەی شاری سەردەشت، ژنێکی ٢٠ ساڵە بەناوی فەرزانە سامی گیانی لە دەستدا.

زۆربەی هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی پزیشکی ڕاناگەیەندرێ بەو هۆیەشەوە لەسەر پرسی هەڵەی پزیشکی ئامارێکی دروست لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئاماری ڕەسمی، ساڵانە نزیکەی ١٢ هەتا ١٣ هەزار دۆسیەی پەیوەندییدار بە هەڵەی پزیشکی لە ئێراندا تۆمار دەکرێت.