کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ئامریکا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانەتییەک دژ بە ئێران بەردەوامە

15:20 - 9 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بە مەبەستی تاوتوێ کردنی پێشێلکارییەکانی ئێران، لەگەڵ دیپلۆماتەکانی شورای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆ بوویەوە.

دانڵد ترامپ، بە مەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانەتییەک دژ بە ئێران، رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لەگەڵ دیپلۆماتەکانی شورای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆبوویەوە؛ ئەمە دووهەمین دانیشتنی ترامپە لەو بارەوە و بە نیازە کە هاوپەیمانەتییەکی جیهانی دژ بە کردەوە و پێشێلکارییەکانی ئێران پێک بێنێت.

ئەم هەوڵەی ترامپ لە حاڵێکدایە، کە هاوکات هەم لە کۆنگرەی ئامریکا و هەمیش لە رێگەی دانووستاندن لەگەڵ هاوپەیمانانی ئۆرووپایی، ئامریکا هەوڵ بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری لە بەرجام دەدات.

رێکس تەیلرسن، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، رۆژی شەممە هەواڵی دەست بەکار بوونی گرووپێکی کاری هاوبەشی ئۆرووپایی و ئامریکایی، بۆ تاوتوێ کردنی ڕێککەوتننامەی بەرجامی ڕاگەیاندبوو.

ئەو چاوپێکەوتنەی ترامپ لە لایەن نیکی هیلی نوێنەری ئامریکا، لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساز درابوو؛ پێشتریش هیلی ڕایگەیاندبوو، کە کارناسانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئێران ڕێککەوتننامەی پەرەنەدان بە مووشەکی بالستیکی پێشێل کردووە.

ترامپ مووشەکە بالستیکەکانی ئێران، بە یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی ناسەقامگیری و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەزانێت و بە ئاشکرا، چەندین جار ڕایگەیاندووە ئەگەر کۆنگرەی ئامریکا و هاوپەیمانانی ئۆرووپایی، نەتوانن رێگەچارەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە هەڵسوکەوتە خراپەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ببیننەوە، یەک لایەنە لە رێککەوتنی ناوکی بەرجام دەکشێتەوە.