کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢ی ڕێبەندان ٧٢هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەرز ڕاگیرا

15:46 - 9 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە کوردستانیانی دەڤەری واشنتۆن، جێژنی ٢ی ڕێبەندان، ٧٢هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەرز ڕاگیرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ پاش خوێندنەوەی چەند پارچە هۆنراوەیەکی شۆڕشگێڕی لەلایەن حوسێن شیوەسەڵییەوە، سرودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب خوێندرایەوە و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد و کوردستان ڕاگەیەندرا.

دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزب لە ئامریکا، لە لایەن عوسمان پاڵانی بەرپرسی کۆمیتە پێشکەش کرا.

پاشان پەیامی نوێنەرایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا لە لایەن سەلاح بایەزیدی نوێنەری ئەو حیزبە لە ئامریکا، خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا، ڕەحیم رەشیدی پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵی خوێندەوە.

هەروەها دوکتور حوسێن بور کەسایەتی دیاری بەلووچ، وتارێکی لە پەسنی کۆماری کوردستان و خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان پێشکەش کرد.

لەو پێوەندییەدا، پەیامی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە ئامریکا لە لایەن مەحبووبە حوسێنی بەرپرسی کۆمیتەی ژنان خوێندرایەوە.

هەروەها ڕۆژنامەوان و نووسەر ساڵح دەمیجەر وتارێکی لە سەر بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بە گشتیی و بەرخۆدانی عەفرین بە تایبەتی خوێندەوە.

لەو ڕێوەڕەسمەدا محەممەد داستان ئەندامی دێرینی حیزب پارچە هۆنراوەیەکی پێشکەش کرد.

هەروەها بروسکەی پیرۆزبایی پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەو ڕێوڕەسمە نێردرابوو کە ئاماژە بە ناوەکانیان کرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا کوردانی چوار بەشی کوردستان و نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئامریکا، نووسەرو لێکۆڵەری ناسراوی ئەمریکی پاوڵ دەیڤیس بەشدار بوون.

دوایین بڕگەی ڕێوڕەسمەکەش بریتی بوو لە شایی هەلپەڕکێی بەشداربووان.