کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ بۆ ڕزگاربوونی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە ئێعدام

21:17 - 9 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ بۆ ڕزگاربوونی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیندانی سیاسیی کوردی مەحکووم به ئێعدام بانگەوازێکی بڵاو کردەوە.

لەو بانگەوازەدا کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ، داوای له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ کردووە، بە کردەوە نیسبەت بە حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ناڕەزایەتی دەرببڕن و پێش بە جێبەجێکردنی ئەو حوکمە لە لایەن بەرپرسانی قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە بگرن.

دەقی ئەو بانگەوازە بەم چەشنەیە:

خەڵکی خەباتکار

هێزە ئازادیخوازەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ


کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ بە مەبەستی ڕزگارکردنی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور کوڕی ئەبووبەکر، کە لە لایەن بەناو دادگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران بە ئێعدام مەحکووم کراوە، لە هەموو ئۆرگانەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ و هەروەها ڕێپۆرتێری تایبەت بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران، داوای کردەوەی بەپەلەی بۆ پێشگرتن لەو جەنایەتە دژەمرۆییە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندان، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور کوڕی ئەبووبەکر، خەڵکی گوندی قەرەسەقەل سەر بە شاری شنۆ، بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئێران دووجار بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

لەو بارەوە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ، داوای له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ کردووە، بە کردەوە نیسبەت بە حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ناڕەزایەتی دەرببڕن و پێش بە جێبەجێکردنی ئەو حوکمە لە لایەن بەرپرسانی قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە بگرن.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ