کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: بە هەموو هێزەوە لە بەرانبەر ڕێژیمی ئێراندا وەستاوین

14:27 - 10 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بارەی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، بۆ سەر وڵاتەکەی و حزووری نیزامیی ئەو ڕێژیمە لە سووریەدا هۆشداری پێ دا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بێنیامین نێتانیاهوو سەروکوەزیرانی ئیسرائیل لە سەردانێکدا بۆ وڵاتی ڕووسیه لەگەڵ ڤلادێمیر پووتین سەرکۆماری ئەو وڵاتە کۆ بووەوە و لە بارەی مەترسییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئەمنییەتی ناوچەکە و هەڕەشە لە ئیسرائیل گفتوگۆی کرد.

نێتانیاهوو لە بارەی لێداوانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، وتوویەتی: هۆلۆکاستێکی دیکە ڕوو نادات. ناوبراو هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادات، له لوبنان وەک سەکۆیەکی مووشەکی کەڵک وەربگرێت.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئیددعای ئەوە دەکەن، کە ئامانجی ئەوان لەنێوبردنی ئیسرائیلە، بەڵام نێتانیاهوو لەو بارەوە وتوویەتی: کە ئێمە به هەموو هێزەوە دژی ڕێژیمی ئێران ڕاوەستاوین.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوەش کردبوو، کە ئێمە لوبنان وەک سەکۆیەکی مووشەکی قەبووڵ ناکەین و ڕوو لە پووتین سەرکۆماری ڕووسیه جەختی کردووەتەوە، ئێمە جێگیربوونی هێزەکان و میلیشاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران قەبووڵ ناکەین.

چەند ڕۆژ پێش ئەرتەشی ئیسرائیل لە زاری سەرهەنگ ڕوون مێنلیس، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل، بڵاوی کردەوە، کە ساڵی ٢٠١٨ی زایینی، ساڵی تاقیکاریی لوبنانە و بەهێزبوونی شوێنپێی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا و ئەمە هەڵایسانی شەڕی لێ دەکەوێتەوە.

وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل وتبووی: لە ئاکامی بەهێندوەرنەگرتنی دەسەڵاتی لوبنان و چاوپۆشی هەندێک وڵات لە ئاستی جیهاندا، لوبنان بووەتە کارخانەیەکی گەورەی مووشەکسازی.

لەو پێوەندییەدا، ماوەیەک لەمەوبەر ماڵپەڕی ئینتێرنێتیی دێبکافایل سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەرتەشی ئیسرائیل بەرپرسانی ڕێژیمی سووریەیان ئاگادار کردبووە، کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران بنکەی نیزامی لەو وڵاتە دابمەزرێنێت، تێلاڤیڤ هێرشی نیزامی دەکاتە سەر ئەو وڵاتە.

پێشتریش نێتانیاهوو، باسی لەوە کردبوو، بەقازانجی مسکۆ نییە کە دەسەڵاتی ئێران لە سووریە و ناوچەکە ڕیشە دابکوتێت؛ نێتانیاهوو باسی لەوەش کردبوو، هەموو ڕێگەکان بۆ ناسەقامگیریی حزووری نیزامیی ڕێژیمی ئێران و دەستوپێوەندییەکان لە سووریه دەگرینە بەر.