کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکان دژی ڕێژیمی ئاخوندی بەردەوامە

14:48 - 10 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران دژی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، درێژەی هەیە و دۆخی دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان نالەبارە و هەتا ئێستا ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانیش لە زیندانەکانی ڕێژیم گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان، سەرەڕای هەڕەشەی کوشتن و سەرکوتی بێڕەحمانەی خەڵک و هاووڵاتییان لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، هەروا بە شێوەی پچڕپچڕ لە شارەکانی کوردستان و ئێران خۆپیشاندانەکان درێژەیان هەیە و خەڵک دروشمی ڕووخانی ڕێژیم لە سەر دیوارەکان دەنووسنەوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، خەڵکی ئێران لە شارەکانی برووجێرد، ئیسفەهان، شیراز، ماهشهەر دژی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندی و بارودۆخی ئابووری و نابەرپرسیاریەتی کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە خۆپیشاندانیان کردووە.

پاش ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران، لە هەمبەر خەڵکی ناڕازی کە تووڕەیی و بێزاری خۆیان لەو ڕێژیمە لە زۆربەی شارەکانی ئێران دەربڕیوە و دروشمی ڕووخانی ڕێژیمیان داوە، داماو و دەستەوەستان بووە و بۆ دامرکانی دەنگی خەڵک و بەتایبەت گەنجان، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بڕیاری داوە کە بێکاری چارەسەر دەکات و هەندێک بەڵێنی بێکردەوەی دیکەی بە خەڵک داوە.

بەڵێنییەکانی سەرکۆماری ڕێژیم لە کاتێک دایە، کە زۆربەی دامەزراوە ئابوورییەکانی ئێران تووشی قەیران هاتوون و ئابووریی ئێران بەگشتی داڕمانێکی بێوێنەی بە خۆیەوە بینیوە.

لەو بارەیەوە پێشنوێژی هەینی کاتیی تاران لە قسەکانی نوێژی هەینیدا وتبووی: ئینقلاب بەهرەی گەورەی خودایە و زاناترین ڕێبەری جیهان سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەکات.

ئەحمەد خاتمی پێشنوێژی هەینی کاتیی تاران باسی لەوە کردبوو، ڕۆحانییەکان سەرمایەی ئێمەن و هێرش بۆ سەر حەوزەی علمییە ورەی ڕۆحانییەت دادەبەزێنێت.