کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

RMMK: حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن پەناهی و هیدایەت عەبدوڵاپوور هەڵبوشێننەوە

14:53 - 10 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵاپوور و ڕامین حوسێن پەناهی مەحکووم کرد.

لە بەشێک لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: لە ڕۆژانی ڕابردوودا دادگای ئینقلابی شارەکانی سنە و ورمێ، حوکمی مردنیان بۆ دوو هاووڵاتی کورد، بەتۆمەتی ئەندامەتیی و هاوکاری کردنی حیزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەرکردووە، کە بڕینەوەی ئەو حوکمە لە لایەن دادگاکانی ئینقلاب، بە پێچەوانەی پێوەر و ستانداردەکانی حقووقی، قەزایی و دادگەری جێ قەبووڵ و جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوی ئاماژەبۆکراودا هاتووە: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، وێڕای دەربڕینی داخ و پەژارەی خۆی سەبارەت بە حوکمی ئیعدامی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ئەو حوکمە بە دژایەتی لەگەڵ مافی مەدەنی و هاووڵاتیی بوون و بنەماکانی مافی مرۆڤ دەزانێ.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا داوا کراوە، کە بە زووترین کات حوکمی نادادپەروەرانەی ئێعدام، بۆ ڕامین حسەین پەناهی و هیدایەت عەبدوڵاپوور، هەڵبوەشێنرێتەوە.