کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێراندا ١١ میلیۆن کرێکار بە شێوەی گرێبەستی کاتی کار دەکەن

15:57 - 10 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ئەندامێکی ڕێکخراوی باڵای شۆرای ئیسلامیی کار دەڵێت: لە ئێراندا ٨٥ لەسەدی کرێکاران بە شێوەی گرێبەستی کاتی کار دەکەن.

عەلی ئەسڵانی ئەندامی ڕێکخراوی باڵای شۆرای ئیسلامیی کاری ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان، لە پەرەسەندنی گریبەستی سپی و بێواژۆ و هەروەها باوبوونی گریبەستە کاتییەکان ڕەخنەی گرتووە.

ناوبراو لەو بارەوە وتوویە: لە بارودۆخێکین کە گرێبەستی کاتیی ٢٠ ڕۆژە و یەک مانگە دەبسترێت، و لە ١٣ میلیۆن کرێکاری ژێر چاوەدێریی بیمەی تامین اجتماعی ١١ میلیۆنیان بە شێوەی گرێبەستی کاتی کار دەکەن.

ئاییننامە قەدەغەبوونی گرێبەستی کاتیی کار، لە ڕێکەوتی ١٠ خەزەڵوەری ئەمساڵ، لە زاری ئیسماعیل زەریفی ئازەر، بەرپرسی گشتیی وەزارەتی کاری ڕێژیم، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕاگەیندرا، بەڵام ئەم ئاییننامەیە لە لایەن دیوانی بەناو عەداڵەتی ئیداریی ڕێژیم هەڵوەشێندرایەوە.

هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە کاتییەکان داواکارییەکی بەحەق و سەرەکیی کرێکارانی ئێرانە، کە لە ماوەی دوو دەیەیە دێتە ئاراوە، بەڵام بەپێی قسەکانی ئەسڵانی لە هیچ کام لە دەوڵەتەکانی ڕێژیمی ئێران ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە و هیچ هەنگاوێکی بۆ هەڵناگیرێت.

گرێبەستی کاتی لە ئێراندا لە حاڵێکدایە کە زۆربەی کارخانە و کارگاکانی ئێران، بە هۆی وەدواکەوتنی مووچە و لەبەرچاو نەگرتنی یاسای کار لە لایەن خاوەنکارەکانیان بەردەوام لە شوێنە جیاجیاکانی ئێراندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتن بەڕێوە دەچێت.

کۆمەڵێک لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانە کە لە مانگی ڕێبەندان ئەمساڵدا دەستیان پێکردووە و هەروا بەردەوامە، مانگرتنی ٣٥٠٠ کرێکاری گرووپی میللیی پیشەیی فوولادی ئێران لە ئەهواز و کۆبوونەوەی کرێکارانی بنکە میراتی جیهانی چغازەنبیل و حەوت تەپەیە، کە لە هەمبەر وەدواکەوتنی مووچە چەند مانگە و پێبەندنەبوونی خاوەنکارەکانیان لەسەر وادە و بەڵێنییەکانیانە.