کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ ڕوو لە باڵوێزەکانی شۆرای ئەمنیەت: با پێکەوە یارمەتی جیهان بدەین

20:24 - 10 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە دانیشتنیدا لەگەڵ باڵوێزەکانی شۆرای ئەمنیەت، باسی لە کۆمەڵێک چالشی ئەمنیەتی لە جیهاندا کرد و داوای لێکردن بە یارمەتی هەمەلایەنە کۆتاییان پێ بهێنن.

دانڵد ترامپ لەم دانیشتنەدا باسی لەم خاڵانە کردووە کە بە چالشی ئەمنیەتی ناوزەدی کردوون: بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامی کە بوونەتە هۆکاری ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، خەبات بە دژی تێرۆریزم، کۆتایی هێنان بە شەڕی سوریە و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرەی باکور لەمەڕ وەدەستخستنی چەکی ناوکی.

ترامپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پڕژاوەتە سەر ئەوەیکە هەرچەند ئامریکا لەم ڕاستایەدا زۆر هەنگاوی جیددی هەڵێناوەتەوە، بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە کە ئەنجام بدرێت و بۆ ئەمەش پێویستی بە هاوکاری هەموو جیهان هەیە.

ئەم قسانەی ناوبراو دوابەدوای ئەوە هاتنە ئاراوە کە نیکی هیلی، کۆمەڵێک لە بەڵگە و پاشماوەی مووشەکەکانی ئێرانی نیشانی میوانەکانی واشنگتۆن دا، کە دەیسەلمێنن کۆماری ئیسلامی، لە ڕێگەی حوسییەکانی یەمەن و باقی گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەوە، هەوڵی نائارام کردنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات.

دەنگی ئامریکا لە ڕاپۆرتێکدا لەمبارەوە باسی لەوە کردووە، کە ئامانج لەم میواندارییەی کۆشکی سپی، پێکهێنانی بەرەیەکی نێونەتەوەیی لەدژی کۆماری ئیسلامییە.

ئەم هەوڵە نوێیەی ئامریکا پاش ئەوە دێتە ئاراوە کە دانڵد ترامپ لە دوایین هەڵوێستی بەرامبەر ڕێكکەوتنی بەرجام، دواهۆشداری خۆی دا و داوای لە کۆنگرێس و یەکیەتیی ئۆرووپا کرد پێداچوونەوەی جیددی، بەسەر بەرجامدا بکەن دەنا تاکلایەنە لێی دەکشێتەوە.