کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری عەلی خامنەیی: بەرانبەر میدیاکانی دژە نیزام قورس ڕابوەستن

14:15 - 11 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: نوێنەری وەلی فەقیهـی ڕێژیم لە شاری سنە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ قەڵەم فرۆشانی میدیایی، پێداگری لە سەر بەربەرەکانێ لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی ئێران کرد.

قەڵەم فرۆشانی کوردستان کە کۆماری ئیسلامی بە سەربازانی میدیایی دەیانناسێنێت، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان بە ئامادەبوون لە نووسینگەی حوسێنی شاهروودی، نوێنەری وەلی فەقیهـ لە شاری سنە، چاوپێکەوتنیان کرد.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، لەو دیدارەدا کە لە نووسینگەی نوێنەری وەلی فەقیهـی ڕێژیم، لە شاری سنە ئەنجام درا، حوسێنی شاهروودی، نوێنەری عەلی خامنەیی داوای لە قەڵەم فرۆشان کردووە کە لە بەرانبەر هێرشە میدیاییەکانی ضد انقلاب و معاندان قورس و قایم ڕابوەستن.

لەو دانیشتنەدا، شاهروودی، ئەم کەسانەی بە باسکی بەهێزی نیزام لە بواری شەڕی نەرم زانیوە و ڕایگەیاندووە: هەنووکە بارودۆخێکی تایبەتمان هەیە و ئەرکی بەسیجی میدیایی قورسترە و دەبێ هوشیاری ئێوە لە دوژمن ناسیندا چەند بەرانبەر بێت.

سەربازانی میدیایی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان کە بە افسران جنگ نرم و بسیج رسانە بەناوبانگن، بابەت و وتاری خۆیان لە میدیاکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداراندا بڵاو دەکەنەوە و چالاکانی سیاسی بە چالاکی میدیای دژبەر دەناسێنن.

ئەم قەڵەم فرۆشانە کە بە ئاکارەکانیان کەوتوونەتە بەرەی دژ بە گەل و نیشتمان، لە ڕاستای پڕۆژەی شەڕی نەرم و لەژێر ناوی بێ نرخ کردن و شێواندنی بیروڕای گشتی بە نیسبەت کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد و حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن کار دەکەن و ساڵانێکە سەرقاڵی خۆشخزمەتی بە ڕێژیمن.