کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی سمبۆلیک دژ بە خۆداپۆشینی زۆرەملێ لە ئێران بەردەوامە

14:47 - 11 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: دەربڕینی ناڕەزایەتیی ژنان و کچانی ئێرانی دژ بە خۆداپۆشینی زۆرەملێ بە شێوەی سمبۆلیک و دوور لە توندوتیژی پێی نایە دووهەمین ڕۆژەوە.

ئەم جۆرە ناڕەزایەتییە پاش ئەوە دەستی پێ کرد کە ویدا موەحد، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ئەمساڵدا، لە شەقامی ئینقلابی تاران چووە سەر ترانزێکی کارەبا و ڕووسەرییەکەی خۆی لەسەر لابرد و بە شێوەیەکی سمبۆلیک وەکوو ئاڵا لەسەر سەری خۆی شەکاندییەوە.

رۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ هەواڵی ئازادکرانی ویدا موەحد، کە بە هۆی ئەو کارەی لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گیرابوو، چەندین کچ لە تاران و هەندێ شاری دیکەی ئێران، ئەو کارەیان دووپات کردەوە و لە تویتێردا هەشتەگی کچانی شەقامی ئینقلاب بوو بە باسی گەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەنگدانەوەی زۆری هەبووە.

بەردەوام بوونی ئەو شێوە ناڕەزایەتییانە لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندان لە حاڵێکدایە کە نەسرین ستوودە، پارێزەری دادگا ڕایگەیاندووە: ڕۆژی دووشەممە نێرگس حوسێنی، لە شەقامی ئینقلابی تاران و هەر لە جێگاکەی ویدا موەحددا چووبووە سەر ترانزی کارەبا و ناڕەزایەتی خۆی لە هەمبەر خۆداپۆشینی زۆرەملێ دەربڕیبوو، بۆیە لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

نەسرین ستوودە بە مەبەستی پارێزەریی نێرگس حوسێنی وەئەستۆ گرتووە و ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاندووە، کە دادگا بۆ ئازاد کردنی نێرگس داوای بڕی ٥٠٠ میلیۆن تمەن وەسیقەی کردووە.

بەردەوامی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر خۆداپۆشینی زۆرەملێ لە لایەن ژنان و کچانی ئێران و بڵاوکردنەوەی چالاکییەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەریکە دەبێتە ناڕەزایەتییەکی جیدی کە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی تووشی قەیران دەکات.

هەشتەگی (ژنانی شەقامی ئینقلاب) و (کچانی شەقامی ئینقلاب) بەردەوامە و هەر ڕۆژە ڕێژەیان زیاتر دەبێت و تەنانەت کوڕانیش بۆ پشتگیریی لەو ناڕەزایەتییە بەو هەشتەگە پەیوەست دەبن.