کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی نیزامیی ئامریکا ئیددعاکانی سپای پاسدارانی وە درۆ خستەوە

19:41 - 11 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: هێزی دەریایی ئامریکا، ئیددعاکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی وە درۆ خستەوە و ڕایگەیاند، هێزە دەریاییەکانی ئەم وڵاتە لە حاڵەتی ئامادەباشیدا لە کەنداو دەمێننەوە.

بیل ئوربان، فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە هەمبەر قسەکانی بەرپرسێکی سپای پاسداران وتوویە: ئامریکا هیچ ئاڵوگۆڕێکی لە کار و بەرنامەکانی پێک نەهێناوە و هەروا ئامادە و تەیار درێژە بە بەرنامەکانی خۆی دەدات.

ئەم لێدوانەی فەرماندەی هێزی دەریایی ئامریکا، بەرپرچدانەوەیەک بوو بۆ قسەکانی عەلی عەزمایی فەرماندەی ناوچەی پێنجی هێزە دەریاییەکانی سپای پاسداران، کە وتبووی: جووڵە و هاتووچۆی پاپۆڕە شەڕەکەرکانی ئامریکا گۆڕدراوە و بەپێی یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان لە نزیکبوونەوە لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران خۆ دەبوێرن.

لێککەوتن و تێکەڵچوون لە نێوان هێزە دەریاییەکانی ئامریکا و ڕێژیمی ئێران، لە ساڵانی دواییدا بەردەوام هەر ڕووی داوە و لە کاتی هاتنە سەرکاری دانڵد ترامپیش هەر درێژەی بووە، تەنانەت ترامپ لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بە هۆی هەستیار بوونی ئەم بابەتە، بەڵێنی بە خەڵکی ئامریکا داوە، کە لە ئەگەری سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا کۆتایی بە سەرئێشەی پاپۆڕە شەڕکەرەکانی ڕێژیمی ئێران دێنێت.

بیل ئورمان هەروەها ڕایگەیاندووە، ئەگەرچی تێکەڵچوونەکان لە نێوان پاپۆڕە شەڕکەرەکانی ئامریکا و ڕێژیمی ئێران کەمتر بووە، بەڵام هێزە دەریاییەکانی ئامریکا بەردەوام نیگەرانی زیادبوونی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕێژیمی ئێرانە.

لەم پێوەندییەدا لە خەرمانانی ئەمساڵدا هەواڵێک بڵاو بووەوە، کە پهپادێکی سپای پاسداران لە فڕۆکەیەکی ئامریکایی کە لە حاڵی نیشتنەوەدا بوو نزیک بووەتەوە و فڕۆکە ئامریکایییەکە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو پهپادە لێک نەکەون ناچار بووە ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێت.