کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە بەربژێری خەڵاتی نۆبێلی ئاشتییه

13:50 - 12 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: پێشمەرگە، ئەمساڵ به هۆی لێوەشاوەیی و شەڕ بۆ ئاشتی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی بەربژێر دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، که دوایین ڕۆژی پێشکەشکردنی ناوی بەربژێربووانی خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی بوو، پارلەمانتارێکی وڵاتی نۆرێژ بە ڕەچەڵەک هێندوستانی، ناوی پێشمەرگەی وەک بەربژێر بۆ وەرگرتنی نۆبێڵی ئەمساڵ تۆمار كردووە.

هیمانشۆ گۆڵاتی پارلەمانتاری وڵاتی نۆروێژ، كە له ساڵی ٢٠١٣وە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی داد و ئەمنییەتی گشتی بووە، بە گەنجترین وەزیری دەوڵەتی ناسرابوو، لە بارەی دەستنیشانکردنی پێشمەرگە بۆ خەڵاتی نۆبێلی ئەمساڵ، باسی لەوە کردووە: لە شەڕی دژ بە داعش پێشمەرگە ڕۆڵێکی زۆر گرینگیان بەرامبەر بەو دڕندانە که گەورەترین دوژمنی مرۆڤایەتین هەبووە. ئەگەر ڕۆڵی پێشمەرگە و قارەمانەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە نەبوایە، ئێستە داعش گەورەتر و بەهێزتر لە هەموو کاتێک دەبوو.

گۆڵاتی ئەوەشی باس کردووە، كە پێشمەرگە شایانی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتییە، هەروەها پێدانی خەڵاتی ئاشتی بۆ پێشمەرگە، دەبێتە ڕێزگرتنێکی جیهانی لە هەوڵ و تێکۆشان و قوربانیدانی ئەو هێزەی کە لە شەڕی دژ بە داعشدا لە سەنگەردا درەوشانەوە.

خەڵاتی نۆبڵ بەناوبانگترین خەڵاتی جیھانییە، كە بەناوی داھێنەرەكەی ئاڵفرێد نۆبێل كراو و ساڵانە لە لایەن لێژنەیەكی پسپۆڕی وڵاتی سوئێد و نۆروێژ دابەش دەكرێت.