کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای ئیسلامیی ڕێژیم لە سنە هەڕەشەی لە میدیاکانی دژبەری ڕێژیم کردووە

15:05 - 12 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: شۆرای ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران، لە شاری سنە بە ڕاشکاوی هەڕەشەی لە میدیاکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران کرد کە لەنێویان دەبەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەید غەریب سەجادی ئەندامی شۆرای سنە لە دانیشتنی شۆرای شاردا ئیددعای کرد: \'\'کاناڵە تێلگرامییەکانی سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە، دژی شۆرا و بەرپرسانی ئەو پارێزگایە چالاکی دەکەن و دەیانەوێت ئێمە تخریب بکەن.

ناوبراو هەروەها وتویەتی: ئەو هێرشانەی دژی ئێمە لە دەرەوە هیدایەت دەکرێت و دەستی کەسانی فریوخواردووی تێدا دیارە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو باریەوە ڕایگەیاند: غەریب سەجادی کەسێکی نزیک لە محەممەد ئیبراهیم زارعی فەرمانداری سنەیە و شایانی باسە برای ناوبراو کە ئەندامی ڕێکخراوی پێشمەرگە موسوڵمان و یەکێک لە بەکرێگیراوانی ڕێژیمە، هاوینی ساڵی ڕابردوو لە بەردەم شۆرای ئیسلامیی سنە چەکی لە خەڵکی ناڕازی کێشاوە.

لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، قەڵەمفرۆشانی کوردستان کە کۆماری ئیسلامی بە سەربازانی میدیایی دەیانناسێت، لە نووسینگەی حوسێنی شاهڕوودی، نوێنەری وەلی فەقیهـ لە شاری سنە، کۆبوونەوەیان پێک هێناوە.

لەو دیدارەدا کە لە شاری سنە ئەنجام درا، حوسێنی شاهڕوودی، نوێنەری عەلی خامنەیی داوای لە قەڵەمفرۆشان کردووە، کە لە بەرانبەر هێرشە میدیاییەکانی ضد انقلاب و معاندان قورس و قایم ڕابوەستن.