کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشکنینی مۆبایلی خوێندکاران لە نێو زانکۆکاندا

15:09 - 12 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بەشی ئەمانەتی زانکۆکانی کوردستان، مۆبایلی خوێندکاران دەپشکنن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ کاتی تاقیکارییەکانی زانکۆ، لە بەشی ئەمانەت ،مۆبایلی خوێندکاران وەردەگرن و لە کاتێکدا کە خوێندکاران دەچنە سەر جەلەسەی تاقیکردنەوە، موراقبەکانی بەشی ئەمانەت مۆبایلەکانیان دەپشکنن.

بەپێی ئەم هەواڵە، تا ئێستا سکاڵا لە لایەن چەندین خوێندکارەوە تۆمار کراوە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

بەشێک لە چالاکانی خوێندکاری لەمبارەوە دەڵێن: پێویستە خوێندکاران بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم پیلانەی حەراسەتی زانکۆکان، لە کاتی چوون بۆ تاقیکردنەوەکاندا، مۆبایلەکانیان لەگەڵ خۆیان نەبەن یان ڕەمی مۆبایلەکانیان خاڵی بکەنەوە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان ئەو کەسانەی کە مۆبایلەکان دەپشکنن شارەزای کردنەوەی کۆدی مۆبایلەکانن، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە دزە بکەنە نێو قوفڵی دووهەمی تلگرام(two-step verification) بۆیە پیویست دەکات کەڵک لە ڕێوشوێنە ئەمنیەتییەکان وەربگیرێ.

بە وتەی چالاکانی خوێندکاری ئامانجی حەراسەتی زانکۆکان، لەم چەشنە کارانە ناسین و گرتنی ئەو خوێندکارانەیە کە ڕەخنەگر و جیابیرن و باوەڕیان بە سیستمی زاڵ بەسەر ئێراندا نییە.