کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان داوای ڕاگرتنی سزای ئێعدامی لە ڕێژیمی ئێران کرد

15:39 - 12 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: کومیسری مافی مرۆڤ لە ئاڵمان، ئێعدامی مێرمنداڵانی لە ئێراندا مەحکووم کرد و خوازیاری ڕاگرتنی ئەم ئێعدامانەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، باربێل کۆفلێر کومیسری مافی مرۆڤ لە ئاڵمان، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕێبەندان، لە پێوەندی لەگەڵ ئێعدامی کەسێک بە ناوی عەلی کازمی، کە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا کەسێکی کوشتووە، ناڕەزایەتی دەربڕێوە و وتوویە: حوکمی ئێعدامی ناوبراو لە حالێکدا پەسەند کرا، کە پارێزەرەکەی لێی ئاگادار نەبووە و هەروەها لە ئەگەری ئێعدامی لاوێکی دیکەی بە ناوی حەمید ئەحمەدی کە ئەویش لە تەمەنی منداڵیدا قەتڵی کردووە، نیگەرانی دەربڕیوە.

لەسێدارەدانی عەلی کازمی کە ٢٢ ساڵ تەمەنی بوو، دژکردەوەی توندی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە دواوە بوو و ئێعدامی ناوبراویان بە کردەوەیەکی زۆر بێبەزەیییانە لە قەڵەم داوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ئێعدامی کەسانێک کە لە ژێر تەمەنی ١٨ ساڵیدا تووشی قەتڵ دەبن، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ زانیوە.

ئەم ڕێکخراوەیە لە ڕاگەیندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەم جۆرە ئێعدامانە پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی کونوانسیۆنەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە، لە حاڵێکدا کە ڕێژیمی ئێرانیش ئەم کونوانسیۆنانەی واژۆ کردووە.