کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڵپشتی ڕووسیە له ڕێژیمی ئێران

16:14 - 12 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: نوێنەری ڕووسیە له نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی هاویشتنی مووشەکەکانی ئێران له یەمەنەوە بۆ عەربستان وتوویەتی: بەڵگەیەکی ڕوون لە بەردەستدا نییە.

واسیلی نبنزیا، نوێنەری ڕووسیە له نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لەوە کردووە، که به دووری دەزانێت که ئەو ڕێکخراوە لەسەر بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران بڕیار بدات و کردەوەیەکی هەبێت و باسی لەوەش کردووە، که هیچ بەڵگەیەکی ڕوون لە بەردەستدا نییە، که نیشان بدات ئەو مووشەکانه کە له ڕێگەی حووسییەکانەوە له یەمەن بۆ عەرەبستان هاوێژراون، سازکراوی ئێران بن.

ناوبراو دوای بینینی پاشماوەی مووشەکە هاوێژراوەکان بۆ عەرەبستان باسی لەوە کردووە، که لە کاتی دەسەڵاتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، زۆر وڵات تەقەمەنیان ناردووە بۆ یەمەن و ناتوانین بڕیار کۆتایی بدەین که ئەو مووشەکانه سازکراوی ئێرانن.

ئەمە لە حاڵێکدایە که نیکی هێلی، نوێنەری ئامریکا له نەتەوە یەکگرتووەکان، له پریسکونفڕانسێکدا، به دانانی پاشماوەی مووشەکەکان ڕایگەیاندبوو، که بەڵگەمان بە دەستەوەیە که ئەو مووشەکانه سازکراوی ڕێژیمی ئێرانن و تەنانەت ئارمی ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران که سەر بە سپای پاسدارانن لەسەر پاشماوەی مووشەکەکان بینراون.

لە لایەکی دیکەشەوە عەرەبستان و بەرەی عەرەبی لەسەر ئەوە پێداگرن که ڕێژیمی ئێران بۆ ناسەقامگیر کردنی ناوچەکه و گوشارهێنان بۆ سەر ئەو وڵاتانه، چەک و تەقەمەنی بەتایبەت مووشەک بۆ گرووپە تێرۆریستییەکان له ناوچەکه دەنێرێت و به بەردەوامی وڵاتانی ناوچەکه، ڕێژیم ئیران به پاڵپشتی گرووپه تێرۆریستییەکان تاوانبار دەکەن.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان له چەندین ڕاپۆرتدا، ناردنی تەقەمەنی و چەکوچۆڵ له لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ حووسییەکانی یەمەنی پشتڕاست کردووە و لەو بارەوە مەحکووم کراوە.

لە میانەی گوشارهێنان بۆ سەر ڕێژیمی ئیران و کردەوەکانی له ناوچەکەدا، زۆرجار بەرپرسانی ڕووسیە به مەبەستی دژایەتی لەگەڵ ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی و نیشاندانی دەسەڵاتی خۆیان له جیهان بەتایبەت ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست، پاڵپشتی ڕێژیمی ئێرانیان کردووە.