کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەموو شتێک لە باریکیدا دەپسێت، زوڵم لە ئەستووریدا

14:54 - 13 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، پەرەسەندنی ڕەوتی ناڕەزایەتیی کچانی شەقامی ئینقلاب بە هۆی هەڵەکانی ئێمەیە.

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، سوهەیلا جلەودار، نوێنەری تاران لە مەجلیسی ڕێژیم، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئاماژەدان بە کچانی شەقامی ئینقلاب وتوویە: کاتێ کە بەربەست بۆ ژنان دروست دەکرێت و لەژێر گوشار دەخرێن، هەر ئەم گوشار و زەختە پەنگخواردووانە ڕۆژێک ‌هەڵدەچێت و لە فورمی کچانی شەقامی ئینقلاب بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، سەرپۆشەکانیان وەکوو ئاڵا دەشەکێننەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا چەندین بەرپرسی دیکەی ڕێژیم لێدوانیان داوە، کە لێدوانەکانیان دژەیەکین و لەگەڵ یەک ناگونجێن.

یەک لەو کەسانە کە لەم بارەوە قسەی کردووە، محەممەد جەواد مونتەزری، بەناو دادگری گشتیی ڕێژیم، وتوویەتی: ئەم کارانە کارێکی مناڵانە و سووکانەیە، کە لە دەرەوەی ئێران دنە دەدرێت و لەسەر ئەوەی کە خۆداپۆشین یاسایەکی وڵاتە پێداگری کردووە.

لە شوێنێکی دیکەدا عەلی موتەهەری، جێگری مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کردووە، کە لابردنی سەرپۆش کارێکی گرنگ نییە و لە ئێراندا خۆداپۆشین زۆرەملێ نییە و نیوەی ژنانی ئێرانی پۆشینێکی باشیان نییە و هەر لە درێژەدا دژ بەم قسەیەی خۆی وتوویە: کێشەی وڵاتی ئێمە خۆداپۆشین یان لابردنی سەرپۆش نییە، چون زۆربەی ژنان ڕەچاوی دەکەن و پێویست بە زۆرەملێ ناکات.

لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ناڕەزایتەتییانە، پولیسی تاران ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ڕێبەندان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیم ڕایگەیاندووە، لەم پێوەندیدا لە شاری تاران ٢٩ کەس دەسبەسەر کراون کە بە هۆی بانگەوازێک لە تێلێگرام بە ناوی چوارشەممەی سپی سەرپۆشەکانی خۆیان لابردووە. ئەم کەسانە لە لایەن بەرپرسانی پولیسی ڕێژیم بە هەڵخەڵتاو پێناسە کراون.

پاش ئەوەی کە ئەم ڕەوتە پەرەی سەند و لە زۆربەی شارەکانی ئێران و تەنانەت دەرەوەی ئێرانیشدا بە نیشانەی پشتیوانی لە ویدا موەحێد و ناڕەزایەتی لە هەمبەر خۆداپۆشینی زۆرەملێ لە ئێراندا ئەنجام درا، ئەم لێدوانە دژەیەکییانە لە زاری بەرپرسانی ڕێژیم هاتووەتە ئاراوە.

ئەم لێدوانە جۆراوجۆر و جیاوازانەی بەرپرسانی ڕێژیم لە حاڵێکدایە، کە ئەم ڕێژیمە لەم چەند ساڵەی دواییەدا خۆی بە پاڵەوانی ناوچەکە دەزانی و بە ئارەزووی خۆی لە ناوچەکە پەرەی بە دەسەڵاتەکەی دەدا، بەڵام ئێستە وای لێ هاتووە لە هەمبەر کۆمەڵێک ژن و کچی بوێر هێندە زەلیل بووە، کە وەکوو هەمیشە پەنای بۆ سیاسەتی چەواشە و تەقییەکارانەی خۆی بردووە.