کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خولی دووهەمی ناڕەزایەتیەکان لە شارەکانی ئێران

14:29 - 14 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: قۆناغی نوێی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، دژ بە دیکتاتۆری عەلی خامنەیی لەحاڵی دەست پێکردندایە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، شەوی پێنج شەممە رێکەوتی ١٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە تاران و چەندین شاری دیکەی ئێران، ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکردووەتەوە کە چالاکانی دنیای مەجازی، بە خولی دووهەمی ناڕەزایەتییەکان ناویان دەبەن.

شەوی پێنج شەممەی ڕابردوو، کۆمەڵێک خەڵکی ناڕازی لە پارکی دانشجوو و هەروەها شەقامی وەلیعەسری تاران بەدەوری یەک کۆبوونەتەوە و دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی دەربڕین و دژ بە ڕێژیم دروشمیان داوە، کە لە پارکی دانشجو باس لە گیرانی چەندین کەس دەکریت.

مالپەڕی ئەلعەرەبییە لەمبارەوە بڵاوی کردەوە، خەڵکی سنە لە گۆڕەپانی ئینقلاب، گۆڕەپانی خومەینی و گۆڕەپانی ئازادی، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و هەروەها لە ئیسفەهان لە تەنیشت پردی خاجوو و لە ئەهواز لە گۆڕەپانی شۆهەدا و بازاری ماسی فرۆشان دروشمی مرگ بە دیکتاتور و مرگ بر خامنەای وتراوەتەوە.

بەپێی ویدیۆ بڵاوکراوەکان، لە شاری ڕەشت، نزیک بە ٣٠٠ کەس لە گۆڕەپانی شار کۆبوونەتەوە و دروشمی مرگ بر دیکتاتور و خامنەای حیا کن مملکتو رها کنیان گوتووەتەوە و لە تویسەرکانیش لە گۆڕەپانی باهنر لە نێوان ناڕازیان و هێزەکانی ڕێژیم، تێکهەڵچوون ڕووی داوە.

شایانی باسە کە لە هەموو ئەو شوێنانەی کە شەوی پێنج شەممە ناڕەزایەتی بەڕێوە چووە، هێزەکانی ڕێژیم هێرشیان کردووەتە سەر ناڕازیان و هەوڵی گرتن و بڵاوە پێکردنیان داوە.

سەبارەت بەم ڕووداوانە، ئەحمەد خاتەمی، پێشنوێژی کاتیی تاران، لە وتاری هەینی خۆیدا ناڕازیانی بە (باغی) ناو بردووە و وتوویەتی: لە ئایینی ئێمەدا کەسێک کە دژ بە حاکمی زانا و عادڵ بێتە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەرببڕێت و دروشم بڵێتەوە، (باغی)یە و لە یاسای ئێمەشدا سزاکەی مەرگە.

ناوبراو ڕەخنەی لەو کەسانە گرتووە کە خوازیاری ئازادی دەسبەسەرکراوانی ئەم دواییەن و جەختی کردووەتەوە کە لەگەڵ ناڕازیان دەبێ بەپێی هەڵەکەنیان هەڵسوکەوت بکرێت و نابێت هیچ ڕەحم و بەزەییەک ببێت.

باغی لە مەزهەبی شیعەدا، بە کەسێک دەوترێت کە لە مەرجەعی ئایینی خۆی هەڵگەڕاوەتەوە و بە پێی یاسا ئیسلامییەکانی ڕێژیم، سزای ئێعدام و مردنی بەسەردا دەسەپێت.