کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکی شاخەوانانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە عەفرین

14:31 - 14 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە گرووپە شاخەوانییەکانی کوردستان، بۆ پشتگیری لە عەفرین بەسەر شاخە بەرزەکانی چەند ناوچەی کوردستاندا هەڵگەڕان.

کاناڵی هەواڵدەریی شاخەوانانی کوردستان بڵاوی کردەوە، بەمەبەستی پشتگیریی لە خەڵکی بێتاوان و بێ دیفاعی عەفرین، کۆمەلێک چالاکی شاخەوانیی لە شارەکانی بانە، سەقز، مەهاباد و شنۆ بەڕێوە چوو.

بەپێی ئەم هەواڵە، ئەنجومەنی شاخەوانانی شنۆ بۆ پاڵپشتی لە خەڵکی عەفرین بەسەر بەرزاییەکانی شاری شنۆدا سەرکەوتن؛ هەروەها گرووپی شاخەوانی و ژینگەپارێزی پاژینی بانە بۆ بەرزاییەکانی ئەم شارە سەرکەوتن؛ لەلایەکی دیکەشەوە گرووپی شاخەوانی ئارازی مەهاباد لە تاڤگەی خەرپاپی پیرانشار چالاکییان ئەنجام دا و کوشتاری بێ‌بەزەییانەی خەڵکی عەفرینیان مەحکووم کرد؛ هەر لەم راستایەشدا گرووپی شاخەوانی هەڵۆی سەقز بەسەر شاخی سەرتووندا سەرکەوتن و پەیامی پشتگیری خۆیان بە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان گەیاند.

هەر لە پێوەندی لەگەڵ پشتیوانی لە خەڵکی عەفرین و مەحکووم کردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیە، پاش نیوەڕۆی ڕۆژی ٥شەممە، ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندان، بەشێک لە پارێزەرە کوردەکانی نیشتەجێی پێتەختی ئێران، بۆ پشتیوانی لە عەفرین، لە بەردەم بینای نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆبوونەوە و خوازیاری هەنگاوی جیددی و بەپەلەی ئەم ڕێکخراوە، بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە عەفرین بوون.

بارودۆخی داسەپاو بەسەر عەفرین کاردانەوەی زیندانییانی سیاسیشی لێکەوتەوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سەعید شێزاد و زانیاری مورادی لە گرتووخانەی ناوەندیی ڕەجایی‌شاری کەرەج، لە نامەیەکدا هێرشی ئەرتەشی تورکیە بۆ سەر شاری عەفرین لە کوردستانی سووریەیان مەحکووم کرد و ڕایانگەیاند: بەربەرکانێی خەڵکی شاری عەفرین وەک کۆبانی حەماسە دەخوڵقێنێت!