کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڵپشتی ئامریکا له ناڕەزایەتییەکان لەهەمبەر لەچکی زۆرەملی له ئێران

19:39 - 14 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، له ڕاگەیەندراوێکدا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ناڕەزایەتی لەهەمبەر لەچکی زۆرەملی له ئێران دەربڕی.

هدر نائورت، وتەبێژی وزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ڕاگەیەندراوێکدا، باسی لەوە کردووە که ئامریکا پاڵپشتی لەو ژن و پیاوانەی ئێران دەکات که به دژی داپۆشینی زۆرەملی ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە که ئامریکا، دەسبەسەرکردنی ئەو کەسانەی که بەپێی مافی مرۆڤ و ئازادییە ئینسانییەکان ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن، مەحکووم دەکات و پاڵپشتی خۆی ڕادەگەیەنێت له هەموو ئازادییەکان و مافی دەربڕینی ناڕەزایەتی.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: خەڵک دەبێ لە شێوازی جل پۆشین و ئەو دینەی کە باوەڕیان پێی هەیە ئازاد و سەربەست بن.

لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا هەتا ئێستە، لە شارەکانی ئێران، ژنان به دەرهێنان و هەڵواسینی لەچکەکانی به دارەوە و بڵاو بوونی وێنەکانیان له تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەستیان کردووە به شێوەیەکی نوێ له خەبات به دژی ڕێژیمی ئێران کە به پێی هەواڵەکان هەتا ئێستە ٢٩ کەس دەسبەسەر کراون.