کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتی ژنان بە \"حجاب اجباری\" لە میدیا جیهانییەکاندا ڕوماڵ کرا

14:11 - 15 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: زۆربەی میدیا جیهانییەکان سەبارەت بە جووڵەی نوێی ژنانی ئێرانی، لەهەمبەر لەچکی زۆرەملی(حجاب اجباری) هەواڵ و ڕاپۆرتی تایبەتیان بڵاو کردۆتەوە و ئەمەیان وەک ڕابوونێکی مەدەنی گرینگ وەسف کردووە.

بەشێک لەم میدیا جیهانییانە بریتین لە: دۆیچەوێلەی ئاڵمان، تۆڕی بی‌بی‌سی، ماڵپەڕی دەرەج، یورونیوز، دەیلی میل، ڕادیکاڵ پۆرتاڵ و چەندین رۆژنامە و ماڵپەڕی ناوداری دیکە.

ڕۆژنامەی پڕخوێنەری ڕادیکاڵ پۆرتاڵی نۆروێژ، لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا بە سەردێڕی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیی ژنانی ئێران دژی حیجابی ئیجباری ئاوڕی لە کێشەکانی ژنان لە ئێران داوەتەوە و ئەم ڕەوتە نوێیەی بە ڕەوینەوەی ترسی خەڵک لە حکوومەتی تاران ناوزەد کردووە.

لە بەشێکی ئەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ژنێك که ئازادی نییه و ناتوانێت به ئاره‌زووی خۆی بڕیار بدات له سەر پۆشینی جلوبه‌رگی خۆی، ته‌نیا كۆیلەیەکی جێگەی بەزەییە‌ و ژنان و پیاوانی ئێران چیدیکە نایانهەوێ کۆیلە بن.

نووسەری ئەم ڕاپۆرتە،سەننار ئەرەسزادە لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بە گرتنی لانیکەم ٢٩ کەس لە ژنانی ناڕازی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کردووە کە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە بە تاوانی لابردنی لەچکەکانیان و شەکاندنەوەی لە نێو شەقامەکان، دەسبەسەر کراون.

یەکەمجار ئەم شێوە ناڕەزایەتی دەربڕینە، لە لایەن ژنێک بە ناوی ویدا موەحد لە شەقامی ئینقلابی تاران، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا ئەنجام درا، کە بووە هۆی دەسبەسەرکرانی ناوبراو؛ دواتر ئەم شێوە ناڕەزایەتییە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە تاران و چەندین شاری دیکەی ئێران پەرەی سەند و هەشتەگی(کچانی شەقامی ئینقلاب) بووە باسی گەرمی نێو تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بەچەشنێک کە چەندین کچ و ژن و تەنانەت پیاوان بەو ناڕەزایەتییانەوە پەیوەست بوون و نووسراوە و وێنەکانی خۆیان بڵاو کردەوە.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاویش،هدر نائورت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە ڕاگەیەندراوێکدا، باسی لەوە کردووە که ئامریکا پاڵپشتی لەو ژن و پیاوانەی ئێران دەکات که به دژی داپۆشینی زۆرەملی ناڕەزایەتی دەردەبڕن.