کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبووردنی نێونەتەوەیی: چالاکانی مافی مرۆڤ بە خێرایی ئازاد بکرێن

14:25 - 15 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: لێبووردنی نێونەتەوەیی داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردووە تا بە خێرایی چالاکانی مافی مرۆڤ ئازاد بکەن.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی رۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی ڕایگەیاندووە، لەم دواییانە ٦ چالاکی مافی مرۆڤ بەناوەکانی سەعید ئێقباڵی، شیما بابایی و هاوسەرەکەی بە ناوی داریوش زەند، لەیلا فەرجامی، مەحموود مەعسوومی و بێهنام مووسەوی لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە قۆڵبەست و بەند کراون.

مەگدێلنا مەغرێبی، جێگری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئافریقا لە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: پێویستە ئەو چالاکانەی مافی مرۆڤ، بە خێرایی ئازاد بکرێن، ئەوان هیچ هەڵەیەکیان نەکردووە و ئێمە نیگەرانین کە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەرەوڕووی ئازار و ئەشکەنجە ببنەوە.

ناوبراو داوای لە بەرپرسانی ڕێژیم کردووە، کە کۆتایی بە ئازاردان و گرتنی چالاکانی مافی مرۆڤ بێنن و ئیزنیان پێ بدەن کە لە کەش و هەوایەکی ئەمندا، بەردەوام بن لە داکۆکی و چالاکییە مرۆڤدۆستانەکانیان.

پاش ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ئەمساڵ لە ئێران، بە هەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازی و هەروەها دەیان چالاکی مافی مرۆڤ لەلایەن کاربەدەستانی ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کران کە زۆربەیان هەتا ئێستا لە بەندیخانەکانی ئێراندان.