کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتاریای حیزبی دێموکرات ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە

14:33 - 15 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە هەوڵێکی نەزۆکی چەواشەکارانە و ئاژاوەگێڕانە، ئاگادارییەکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە.

دەقی ئاگادارییەکە بەم چەشنەیە:

ئاگادارییەک بۆ ڕای گشتی


چەند رۆژ لەوە پێش لە بازگەی دێگەڵە، هەڵکەوتوو لە سەر جاددەی نێوان کۆیە ـ هەولێر لە نێوان ژمارەیەک خەڵکی ئاسایی و ئاسایشی پارێزەری ئەو بازگەیە گرژییەک روویدا؛ هەندێ کەس و راگەیاندن هەوڵ دەدەن بە مەبەستی سیاسی دیاریکراو، حیزبی دێموکراتیش لەو گرژیانەدا بەشدار و لایەنگر بکەن، بۆ ئەوەی کێشە و دژایەتی نێوان کوردەکانی بەشە جیاکان زیاتر بکەن و پیلانی دوژمنانی کورد، بە شێوەیەکی ئاگایانە یان لە رووی نائاگاییەوە، جێبەجێ بکەن.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە سەر پرسە نەتەوەییەکانی کوردستان، گەر حیزبی دێموکرات بۆ داکۆکی لە مافی رەوا و ویستی رزگاریخوازانەی کورد لەهەموو بەشەکاندا یەکەم حیزب نەبووبێ، لەوانی دیکە وەدوا نەکەوتووە؛ لێرەشدا پێویست بە هیچ نموونە هێنانەوەیەک ناکات، چوونکە مێژووی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات زۆر لەوە خاوێنتر و روونترە کە دوژمنانی کورد، بیانهەوێ ئەو راستییە بە چەواشەکراوی بە خەڵکی مافخوازی کوردی نیشان بدەن.

بۆیە ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات هەر جۆرە پێوەندییەکمان بەو گرژیانەوە، رەت دەکەینەوە و رایدەگەیەنین حیزبی دێموکرات هیچ بەشدارییەکی بە قازانجی هیچ لایەک لەو رووداوە نەخوازراو و ناخۆشانەدا نەبووە و ئەو هەوڵانە بۆ گومان خستنە سەر تێکۆشانی خەباتی کورد لە رۆژهەڵات بە قازانجی دوژمنی سەرەکیی کورد واتە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبینین.

تا ئێستا سیاسەتی حیزبی دێموکرات پشتیوانی لە خەباتی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا بووە و هەرواش دەمێنێتەوە و لە کێشەی نێوان حیزب و لایەنەکانی کوردستانیشدا ئەوندەی بۆی کرابێ قسەی ئاشتی و برایەتی کردووە، دەنا خۆی نەکردووەتە لایەنێکی ناکۆکییەکان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتاریا

١٥ی رێبەندانی ١٣٩٦
٤ی فێورییەی ٢٠١٨