کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەندەڵی دەزگای دادی ڕێژیم بۆ پاڵپشتی له سەعید توسی

15:03 - 15 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: سەعید توسی که به تۆمەتی دەستدرێژی کردن بۆ سەر منداڵان، دادگایی کرابوو، بەهۆی گەندەڵییەکانی دادسەرای ڕێژیم، به بێتاوان ناسێندرا.

سەعید توسی قاڕی به ناوبانگی ڕێژیم و کەسایەتیی زۆر نزیک له بەیتی رێبەریی ڕێژیم کە بەهۆی سکاڵای چەندین بنەماڵه، کە منداڵەکانیان لەلایەن ناوبراوەوە دەستدرێژییان کرابووە سەر، دوای دادگایی کردن، بەهۆی گەندەڵی دادوەرەکانی ڕێژیم و لە سەروی هەمووان موحسێنی ئێژەیی، به بێتاوان ناسێندرا و پەروەندەکەی لە نێو برا.

لەم پێوەندییەدا مەحموود سادقی نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، بەخستنەڕووی هەندێک بەڵگە ڕایگەیاندووە: موحسێنی ئێژەیی زانیاری هەڵەی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردووەتەوە و دەزگای دادی ڕێژیم به پێچەوانەی ئایین نامەی دادرەسی، ڕێگر بووە له هەندێک قازی و چاودێری پەروەندەکه و به گوشاری بەرپرسانی ڕێژیم، توسی به بێتاوان ناسراوە.

موحسێنی ئێژەیی لەبارەی سکاڵاکانەوە وتوویەتی: ئەوانەی کە هاتوونەتە لای ئێمە سکاڵا نەبوون، بەڵکوو تەنیا نامەیەک بۆ دادستانی بووە و له ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی نووسراوە، ئەمە لە حاڵێکدایە که دادسەرای ناوچەی ٢٨ی تاران، ساڵی١٣٩١ی هەتاوی، به پێی لێکۆڵینەوەکان و سکاڵاکان سەعید توسی به تاوانبار ناساندووە و بە چوار ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکوومی کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی سادقی، دواتر له دادگای پێداچوونەوەی لقی ٥٦ی تاران، به داواکاری بەرپرسی گشتیی دادسەرای تاران، پەروەندەکە له دادگا وەردەگیردرێت و دوای پێداچوونەوە ڕائەگەیێنن که پەیوەندییەکان ناساڵم نەبوون و توسی بێتاوانه؛ ئەمەش لە حاڵێکدایە کە له ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، سەعید توسی به نووسراوە دانی بە تاوانەکانیدا ناوە.

دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیم، بە یەکێک له گەندەڵترین دەزگاکانی ڕێژیم دەژمێردرێ که تێیدا دادسەراکانی ڕێژیمی ئێران، بەڕێوەبەری بڕیارەکانی بەرپرسانی ڕێژیمن و قازییەکان وەکوو مۆرەیەکی گوێ لەمست چالاکی دەکەن.

هەر بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکانی ڕێژیم، له ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوییەوە هەتا ئێستە، ٢٠٠ قازی، هەڵپەسێردراون و سکاڵا لەسەر ٤١ قازیش تۆمار کراوە، که بە پێی یاسا ئەرکەکانیان جێبەجێ نەکردووە و تاوانبارن به گەندەڵی.