کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یارمەتی ٧٠٠ میلیۆن دۆلاری ڕێژیمی ئێران بە حیزبوڵای لوبنان

20:51 - 15 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئامریکایی باس لەوە دەکەن که ڕێژیمی ئێران، ساڵانە ٧٠٠ میلیۆن دۆلار یارمەتی دەدات به گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵا.

دوابەدوای ئەوەیکە وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا، ٧ دامەزراوە و ٦ کەسایەتی دیکەی سەر بە حیزبوڵای خستە لیستەی تەحریمەوە، بەرپرسێکی ئامریکایی کە ناوی نەدرکاوە ڕایگەیاندووە، بەپێی دوایین زانیارییەکانمان حیزبوڵای لوبنان ساڵانە ٧٠٠ میلیۆن دۆلار پارە لە کۆماری ئیسلامی وەردەگرێت.

ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ تەحریمی بزوتنەوەی الصابرینی فلستینی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا کە تۆمەتبارە بەوەی، کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ئەنجام دەدات.

چەند ڕۆژ پیش ئێستاش عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری پلەبەرزی ڕێبەری ڕێژیمی ئیران، لە بواری کاروباری نێونەتەوەیی لە کۆنفڕانسی قوتابیان بۆ پشتیوانی لە ئینتیفازەی فلستین بەفەرمی بۆ جارێکی دیکە ڕایگەیاند: خۆتان نیگەرانی چەند کەسێک مەکەن کە بوونەتە داردەستی بەکرێگیراوان و لە سەرشەقام دروشمی (نە غزە، نە لبنان، جانم فدای ئیران) دەڵێنەوە، پشتیوانی لە ئینتیفازەی لوبنان یەکێک لە ئارمانە سەرەکییەکانی ئیمام خومەینییە و ئێمەش لە پشتیوانی خۆمان لە حیزبوڵڵا و حەماسی لوبنانی بەردەوام دەبین.

ویلایەتی ڕوو لە خەڵکی ناڕازیی ئێران کە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ئەمساڵ، دروشمی نە غزە، نە لبنان، جانم فدای ایرانیان وتبووەوە، وتوویە: ئەوانە بێعەقڵ و بەکرێگیراوی دۆژمنانن.

دانی وەها پارەیەکی گران بە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵا لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران هەنووکە بە دەست بێکاری، هەژاری، کەم داهاتی و نەبوونی گوزەرانی شیاوی مرۆڤ دەناڵێنن و ڕۆژ نییە کە لە ئێراندا لاوانی بێکار و بێ‌هیوا بە داهاتوو، کۆتایی بە ژیانی خۆیان نەهێنن.