کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاودیتنی نوێنەرانی كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ لەگەڵ ناوەندی \"ئۆلاف پاڵمە\"ی سوید

14:05 - 26 رەزبەر 2712

كوردستان میدیا: نوێنەرانی كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ لە ناوەندی ئۆلاف پاڵمە كۆبوونەوە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو ناوەندە دیدار و چاوپێكەوتنیان پێكهێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەم هاودیتنەدا یەنس ئوربارك و ئولریكا لونگ بە نوێنەرایەتیی ناوەندی ئۆلاف پاڵمە ئامادە بوون.

ئاڵوگۆڕ لە پێكهاتەی حەشیمەتی لەو ناوچانەی كە نەتەوە غەیرە فارسەكان نیشتەجێن، زیاد بوونی رێژەی ئیعدامی چالاكانی سیاسیی و فەرهەنگی نەتەوە ژێر دەستەكان لە باسەكانی ئەو دانیشتنە بوو.

نوێنەرانی كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فێدراڵ لە بەشێكی دیكەی دانیشتنەكەدا پڕژانە سەر پرسی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر رێژێمی ئێران.

نوێنەرانی هەر دوو لا لەو باوەڕەدابوون كە گەمارۆكان كاریگەرییان لەسەر ئابووری رێژیمی تاران داناوە.

هەر لەو پێوەندییەدا و درێژەی چاوپێكەوتنەكەدا نوێنەرانی كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فێدراڵ خوازیاری پەرچەكردار لەلایەن حیزب و دامەزراوەكانی وڵاتی سوید لەهەمبەر پێشێڵ كردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بوون.
حەسەن‌خاڵی و نینا ئیسماعیل‌زادە بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، هەروەها نوێنەرانی حیزبی خەڵكی بەلووچستان، حیزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، چەند چالاكی سیاسیی ئازەری و نووری حەمزە رۆژنامەنووسی عەرەب بە نوێنەرایەتیی نەتەوەی عەرەبی ئەهواز وەكوو هەیئەتی نوێنەرانی كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ بەشداری دانیشتنەكە بوون.