کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

له ئامریکای لاتین پێش بە چالاکییەکانی حیزبوڵڵا‌ی لوبنان دەگیردرێت

14:45 - 16 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ئامریکا و ئارژانتین بۆ پێشگرتن لە چالاکییەکانی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان ڕێک کەوتن.

وەزیرانی دەرەوەی ئامریکا و ئارژانتین لە دانیشتنێکدا، لە پێوەندی لەگەڵ هاوکاریکردن بە مەبەستی پێشگرتن له چالاکییە ئابوورییەکانی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان لە ئامریکای لاتین، کە بۆ کردەوە تێرۆریستییەکان بەکاریان دەهێنێت، ڕێک کەوتوون.

رێکس تێلرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە پریسکونفڕانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ خوزه فایوری، وەزیری دەرەوەی ئارژانتین، باسی لەوە کردووە، کە لەسەر پێشگرتن بە کردەوە تێرۆریستییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و ڕێگەکانی دابینکردنی تێچووی چالاکییەکانی ڕێک کەوتووین و دەبێت هێرش بکرێتە سەر تۆڕی ماڵیی ئەو گرووپە لە ئامریکای لاتین و لەنێو ببرێت.

بەرپرسانی ئامریکایی، پێشتر لەسەر چالاکییە ئابوورییەکانی گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵڵا له ئامریکای لاتین، لە ڕێگەی قاچاغی مادە هۆشبەرەکان و چەک و تەقەمەنی به هاوکاری و پاڵپشتی ڕێژیمی ئێران، بۆ کردەوە تێرۆریستییەکانیان، هوشداریان دابوو و باسیان لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو گرووپە کردبوو.

ڕێژیمی ئێران که پاڵپشتی سەرەکیی گرووپە تێرۆریستییەکان بەتایبەت حیزبوڵڵای لوبنانە، جیا لەوەی که پاڵپشتی ئابوورییان دەکات و چەک و تەقەمەنیان پێ دەدات، بە پێکهێنانی لقی زیاتر لە سەرانسەری جیهاندا، چالاکی مافیایی دەکەن و داهاتی ئەو کارەیان بۆ کردەوە تێرۆریستییەکان بەکار دەهێنن.