کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێپێوانێک بۆ پشتیوانی لە هیدایەت عەبدوڵڵاپوور و ڕامین حوسێن‌پەناهی لە ئاڵمان بەڕێوە چوو

14:50 - 16 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ڕێپێوانێکی جەماوەری بە دژی سەپاندنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ ڕامین حوسێن‌پەناهی و هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شاری کوڵن-ی ئاڵمان گردبوونەوەیەکی جەماوەری بە بەشداری سەدان کەس بۆ مەحکووم کردنی سەپاندنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ هەر دوو زیندانیی سیاسی ڕامین حوسێن‌پەناهی و هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە لایەن کەمپەینی پشتیوانی لەو دوو زیندانییە سیاسییە بەڕێوە چوو.

پاش ئەوەی حوکمی ناڕەوا و نامڕۆیی لەسێدارەدان بەسەر ئەو دوو زیندانییە سیاسییەی کورد، لە دادگایەکی نمایشیی چەند خولەکی لە لایەن ڕێژێمی تێرۆریست و سێدارەی کۆماری ئیسلامیی سەپاوە، چالاکانی سیاسی و مەدەنی پشتیوانیی خۆیان بە شێوەی ڕێکخستنی کەمپەین، خۆپیشاندان و کۆکردنەوەی واژۆ خستووەتەگەڕ و لە زیاتر لە ١٤ شاری وڵاتانی ئورووپایی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر کردەوە دژە مرۆیییەکانی کۆماری ئیسلامی دەربڕیوە.

کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، له دەرەوەی وڵات و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب چالاکانە بەشداری دەکەن و دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ هەموو دەنگێکی مافخواز و مرۆڤدۆستەوە و داوای لە کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی دێموکرات دەکەن، کە گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و چیتر ڕێگەی پێ نەدەن لە کوردستان درێژە بە جەنایەتەکان و کوشتنی چالاکانی سیاسی و ئازار و ئەشکەنجەدانیان بدات.