کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر دەروێشەکانی گونابادی

15:00 - 16 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: لە نێوان دەروێشەکانی گونابادی و هێزە ئەمنییەتی و لیباس شەخسییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تێکەڵچوون ڕووی داوە.

پاش ئەوەی هێزە ئەمنییەتی و لیباس شەخسییەکانی ڕیژیم ویستوویانە هێرش بۆ سەر ماڵی جەمسەری تەریقەتی گونابادی ببەن، تێکەڵچوونێکی توند لە نێوان دەروێشەکانی گونابادی و ئەو هێزانە ڕووی داوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە نێوان دەروێشەکانی گونابادی و هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە بە مەبەستی دەستبەسەر کردنی دوکتور نوورعەلی تابەندە، گەورەی تەریقەتی گونابادی چووبوونە بەر ماڵی ناوبراەوە، تێکەڵچوونێکی توند ڕووی داوە.

ئەو تێکە‌ڵچوونە پاش ئەوە هاتووەتە ئاراوە، کە دەروێشەکانی گونابادی پێشتر پولیسی ١١٠ی تارانیان لە کۆبوونەوە و هاتووچۆی هێزەکانی ئەمنییەتی و لیباس شەخسییەکان، لە بەرماڵی نوورعەلی تابەندە، ئاگادار کردبووەوە، بەڵام پولیسی تاران هیچ کارێکی نەکردبوو.

پۆلێک لە لایەنگرانی نوورعەلی تابەندە توانیان هێزە ئەمنییەتی و لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم لەو شوێنە دوور بکەنەوە و چەندین ماتۆڕی ئەو چەکدارانەیان تێکشکاندووە.

تەریقەتی گونابادی لە ئێراندا قەدەغە کراوە و پەیڕەوانی بەردەوام بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە لایەن ڕێژیمەوە زیندانی دەکرێن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی داکۆکی لە مافی مرۆڤ، هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە پەیڕەوانی گونابادی و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ئێران بە پێشێلکردنی مافیان دەزانن و مەحکوومی دەکەن.

لە دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکادا، ئاماژە بە بارودۆخی پەیڕەوانی تەریقەتی گونابادی لە ئێران کراوە و ئامریکا ڕایگەیاندووە، کە بەردەوام دەنگی ئەو کەس و لایەنانە دەبێت، کە لە ئێران و تەنانەت سەرانسەری جیهاندا بۆ ژیانێکی ئازاد و بەختەوەرانە تێدەکۆشن.